رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، دەستەی تەحریری شام بەشی زۆری شاری حەلەبی کۆنترۆڵ کردووە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، "دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانەکانی زۆربەی شارەکە [حەلەب]یان کۆنترۆڵ کردووە و دەزگاکانی حکومەت و زیندانەکانیان خستوونەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان".
هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا پێگە و چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە بۆردوومان دەکەن.
ئەو گەڕەکانەی دەستەی تەحریری شام لە حەلەب کۆنترۆڵی کردوون بریتین لە بوستان قەسر، فیردەوس، قسڵییە، قەڵا، جەمیلە، سەڵاحەدین، زەهرە بوستان، راشیدین، رەمووسە، حەمدانییە، میردیان، فورقان، عەزیزییە و سریان.
ئەو دەزگایانەی دەستەی تەحریری شام لەنێو حەلەب کۆنترۆڵی کردوون بریتین لە بنکەی پۆلیسی حەلەب، ئەکادیمیای سەربازی، ناوەندی توێژینەوەی زانستی، باڵەخانەی پارێزگا و پاسپۆرت، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و زانکۆی حەلەب.
لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە دەردەکەوێت کە دەستەی تەحریری شام دەستی بەسەر بڕێکی زۆری تەقەمەنی و پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریادا گرتووە.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون گەیشتووەتە سەروو 310 کەس. کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووتەوە 100 کەس؛ هەروەها 28 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ