ئەمریکا: پێویستە ئەورووپییەکان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران بدەن

18-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات پابەندنی رێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە و داواش لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بدەن. 
 
رۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی پاریس بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوان [وڵاتانی ئەورووپا] دەبێت بە زوویی بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی سزاکان بدەن، چونکە ئێران بە روونی پابەند نییە بە رێککەوتنەکە."
 
گوتەکانی روبیۆ لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران پەلە ناکات.
 
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "پەلەم نییە، چونکە پێموایە ئێران دەرفەتێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی مەزن. ئەوە بژاردەی یەکەممە. ئەگەر بژاردەی دوەم هەبێت، پێموایە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت."
 
ترەمپ پێشتریش جەختیکردووەتەوە، دەیانەوێت بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکە سنوورداربکەن بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت، ئەگەر نا، هێرشی سەربازی دەکەنە سەری. 
 
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران کۆببنەوە. 
 
ئێران رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام دوای ئەوە ترەمپ لە ساڵی 2018، تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە، ئێران گوڕی زیاتری بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دا و نزیکیکردەوە لەو ئاستەی کە چەکی ئەتۆمی پێ دروست دەکرێت. 
 
ئیسرائیلی هاوپەیمانی هەرە نزیکی واشنتن، داوای هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە گەڕانەوە بۆ چەند سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی و ئەوانی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل پلانێکی ئامادە کردبوو، بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو، هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام ترەمپ رازی نەبوو. 
 
ساڵی 2015 ئێران و زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەری هەڵبگیرێن، بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو ئۆتۆمبێلەی رووداوەکەی ناوەتەوە.

لە پایتەختی دانیمارک ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد

لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و چەند کەسێکی بریندارکرد. پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە و شوفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.