جیهان

دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا واژۆ لەسەر درێژکردنەوەی ماسیگرتن لە زەریای ئارام دەکات. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی بە "بەرپرسیار"ـی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نازانێت. دەشڵێت، بەمنزیکانە رێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئۆکراینا واژۆ دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "زیلینسکی بە بەرپرس دانانێم، بەڵام دڵخۆشم نیم بەوەی کە جەنگەکە دەستیپێکردووە."
ترەمپ پێشتر چەندین جار ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کردبوو کە ئەوان هۆکاری دەستپێکردنی جەنگەکە بوون و ئەم هەفتەیەش زیلینکسی بەوە تۆمەتبارکرد کە بەرپرسیارە لە مردنی "ملیۆنان" کەس.
ترەمپ لەبارەی زیلینسکی گوتی، "من ئەو تاوانبار ناکەم، بەڵام ناتوانم بڵێم باشترین کاری کردووە."
زیلینسکی ئەم هەفتەیە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی ترەمپی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئۆکراینا بکات.
ترەمپ ئاماژەی بە رێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئۆکراینا کرد و گوتی، لەوانەیە ئەم هەفتەیە رێککەوتنەکە واژۆ بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە رێککەوتنێکی کانزاییمان هەیە کە پێموایە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو واژۆ دەکرێت. پێموایە ئۆکراینا پابەندی رێککەوتنەکە دەبێت."
یولیا سویدیدێنکۆ، وەزیری ئابووری ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، کیێڤ و واشنتن یاداشتێکیان واژۆ کردووە و بەگوێرەی یاداشتەکە، هەردوولا "سندووقێکی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنی ئۆکراینا" دروست دەکەن.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە و هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەردەوامن، بەڵام سەرەڕای دانوستاندنی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی رووسیا و ئەمریکا، نەیتوانیوە هیچ سازشێکی گەورە بە کرێملین بکات.
پێشتریش ترەمپ نیگەرانیی خۆی لە ئاستی هێواشی دانوستاندنەکانی ئاگربەست دەربڕیبوو و مانگی رابردوو رایگەیاند، لە هاوتا رووسییەکەی "تووڕەیە."
لەو کاتەوەی ترەمپ لە کانوونی دووەمەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لە رووسیا کردووە.
مانگی رابردوو رووسیا پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ وەستاندنی بێ مەرجی جەنگی لە ئۆکراینا رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ