رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام نایەوێت لە حەلەب رووبەڕووی هێزە کوردییەکان ببێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە سێ رۆژدا نزیکەی 300 چەکدار و 28 خەڵکی سڤیل کوژراون.
رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا، میوانی بووڵتەنی کۆرۆژی رووداو بوو و لەبارەی شەڕی نێوان دەستەی تەحریری شام و سوپای سووریا لە سنووری حەلەب قسەی کرد.
رامی عەبدولرەحمان بە رووداوی راگەیاند، پێشڕەوییەکانی دەستەی تەحریری شام زۆر خێران و پاشەکشە و شەڕنەکردنی سوپای سووریاش نیشانەی پرسیاری لەسەرە.
سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا باسی لەوەکرد، دەستەی تەحریری شام نزیک بووەتەوە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن و نزیکەی 10 ساڵە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندان، بەڵام ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام نایەوێت رووبەڕوویان ببێتەوە، چونکە دەزانێت شەڕ و پێکدادانی زۆر سەخت روودەدات و نایەوێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ بکاتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رامی عەبدلرەحمان، سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا
رووداو: ژمارەی کوژراوانی شەڕەکە چەندە؟ قوربانی لە خەڵکی سڤیل هەیە؟
رامی عەبدولڕەحمان: بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لەماوەی کەمتر لە سێ رۆژدا نزیکەی 300 کوژراو لەنێوان هەردوولادا هەن، ئەوە جگە لە 28 شەهیدی سڤیل. پێشرەوییەکان بەردەوامن، هێزەکان گەیشتوونەتە گەڕەکەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای حەلەب و چەند رێگەیەکی سەرەکیی ناوەندی شار کۆنترۆڵکراون. پشکنین لە چەند ماڵێکی بەرپرسانی رژێم کراوە. لە پێشڕەوییەکاندا 65 گوند و ناحیە کۆنترۆڵ کراون. سەواقر یەکێکە لەو ناوچە هەرە ستراتیژییانەی کەوتووەتە ژێردەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە دەکەوێتە سەر رێگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق – حەلەب. لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای حەلەب، بەشێکی خەڵک بە ئاراستەی گەڕەکی شێخ مەقسوود ئاوارە بوون. ئەم گەڕەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندایە. چەند گەڕەکێکی دیکەش هەن وەک ئەشرەفییە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندان. هێزەکان نایانەوێت رووبەڕووی هێزە کوردییەکان ببنەوە. ئێمە ناڵێین هێزەکانی هەسەدە، بەڵام بە هێزە کوردییەکان ناویان دەبەین.
رووداو: ئەگەر هێزەکان گەیشتنە شێخ مەقسوود، شەڕ و پێکدادان لەوێ روونادات؟
رامی عەبدولڕەحمان: ئەگەر بڕیار بدەن گەڕەکی شێخ مەقسوود کۆنترۆڵ بکەن کە نزیکەی 10 ساڵە لەژێر هەژموونی هێزە کوردییەکاندایە، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان هێزە کوردییەکان و تەحریری شام روودەدات. کوردەکان زۆربەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود پێکدەهێنن و دەیان هەزار ئاوارەی عەفرین لەوێن. بەدڵنیاییەوە مەترسی لەسەر ئەو گەڕەکەش دروست دەبێت بەڵام پێم وانییە جۆلانی (سەرۆکی دەستەی تەحریری شام) بیەوێت بەرەیەکی دیکە بکاتەوە.
رووداو: ئێستا هێزەکانی حکومەتی سووریا لە کوێن؟
رامی عەبدولڕەحمان: گەیشتوونەتە کۆمەڵگەی زانکۆ و گەڕەکەکانی دەوروبەری؛ نزیک بوونەتەوە و هەوڵ دەدەن هەرچی شوێنی ستراتیژییە کۆنترۆڵیان بکەن؛ دەیانەوێت گرتەی ڤیدیۆیی لەو کۆمەڵگەیە بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی کاریگەری دەروونی بخەنە سەر جەماوەری رژێم تاوەکو رژێم بەرەو رووخانی زیاتر بچێت لەنێو حەلەب. تێبینی ئەوەشمان کردووە ئەو هێزانەی رژێم لە تێکشکاندنی زۆر خێرادان و بەخێرایی پاشەکشە دەکەن. ناوەندی حەلەب، گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب و دەوروبەری هێشتا کۆنترۆڵ نەکراون و هێزەکانی رژێم ماون. هێزەکانی رژێم لەو ناوچانەدان، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەرپەرچی هێرشەکانیان نەداوەتەوە، تەنانەت لە زۆربەی بازگەکان کشاونەتەوە و چۆڵیان کردوون.
رووداو: تەنیا هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچەکانی رۆژئاوای حەلەب بوون یان هێزەکانی وڵاتانی دیکەش؟
رامی عەبدولڕەحمان: هێزەکان یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەوێن، هێزە دروزییەکان لەوێن. پێشتر حیزبوڵڵا لەوێ بوو، بەڵام بەهۆی جەنگی لوبنان کشایەوە. هێزەکانی رژێم شەڕناکەن، میلیشیاکانی ئێران کەمێک شەڕیان کرد و کشانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە رووبەڕووبوونەوە لە دەرەوەی حەلەب زۆرتر بوو لەنێو حەلەب. لەنێو حەلەبدا هێزەکانی تەحریری شام درۆنیان بەکارهێنا کە ژمارەیەکی زۆر درۆنیان هەیە.
رووداو: رووسیا دەڵێت، بۆردوومانەکانیان لە حەلەب و ئیدلب بۆسەر هێزە چەکدارەکان چڕکردووەتەوە. راستە؟
رامی عەبدولڕەحمان: بۆردوومان چ سوودێکی دەبێت، دوای ئەوەی زیاتر لە 65 گوند و شار و شارۆچکە لەماوەی کەمتر لە سێ رۆژدا کەوتنە ژێردەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
رووداو: دیمەنێک بڵاوبووەتەوە گوایە گرتووخانەی حەلەبە و گرووپە چەکدارەکان گیراوەکانیان ئازاد دەکەن. ئەمە راستە؟
رامی عەبدولڕەحمان: بەشێک لەو گرتە ڤیدیۆیانە راستن، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی زەهرا و رۆژئاوای حەلەب. بۆ نموونە، ئاسایشی سیاسی کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵکو کۆنترۆڵی هۆبەیەکی ئاسایشی سیاسیی کراوە. هەندێک گرتووخانە کەوتوونەتە ژێر دەستی دەستەی تەحریری شام و گیراوەکانیان ئازاد کردوون.
رووداو: رێککەوتنی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەنێوان تورکیا، ئیسرائیل، ئێران و رووسیا هەیە؟
رامی عەبدولڕەحمان: رووداوەکانی حەلەب و ئەم پێشهاتە خێرانە دەیسەلمێنن شتەکە خۆڕسک نییە. ئەم هەموو پێشڕەوییانە لە دەشتی حەلەب و ناوچە جیاوازەکان و بەرگە نەگرتنی رژێم نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە.
رووداو: تەحریری شام دەخوازێت تاوەکو کوێ پێشڕەوی بکات؟ لە حەلەب دەوەستێت؟
رامی عەبدولڕەحمان: دەزانی هیچ کات بیریان لەوە نەدەکردەوە کۆنترۆڵی چەند گەڕەکێکی حەلەب بکەن؟ پێیان وابوو شەڕەکە تەنیا لە دەشتی رۆژئاوای و دەشتی باشووری حەلەب و داخستنی رێگەی نێودەوڵەتیی حەلەب-دیمەشق دەبێت، بەڵام کاتێک بینییان هێزەکانی رژێم بەرگە ناگرن و بەرپەرچ نادەنەوە، پێشڕەوییان بۆ حەلەب کرد. بۆیە پێشڕەوییان بەردەوام دەبێت و رەنگە تا دەشتاییەکانی باکووری حەما بڕۆن.
رووداو: زانیارییەکی نوێ هەیە گوایە بۆردوومانی چڕ لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە سنووری عێراق و سووریا هەیە؟ لەوێ چ دەگوزەرێت؟
رامی: بەڵێ، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی نەناسراو لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەلبوکەمال پێگەکانی میلیشیاکانی ئێرانیان کردە ئامانج. با ئەم زانیارییەشت پێبدەم، دیدارێک لە دێرەزوور ئەنجامدرا لەبارەی بوونی میلیشیاکانی ئێران لە دێرەزوور تا ئەلبوکەمال. بۆیە بەدووری نازانم قۆناخێکی نوێی شەڕ لە رۆژئاوای فورات رووبدات و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش تێیدا بەشدار بن بۆ نەهێشتنی هەژموون و میلیشیاکانی ئێران لەو ناوچەیەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ