رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، بەڵام مشتومڕى ئاڵنگارییەکانى بەردەم ئەو هەڵبژاردنە لە سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر گەرم بوو.
شێوازى دەنگدان، رێژەى بەشدارى، کاریگەریى دەرەکى لەسەر ئەو هەڵبژاردن تاوتوێکران.
رائید فەهمى، سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی عیراق دەڵێت: "پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەى ئەو هەڵبژاردنە ئاوێنەى راى گشتى بێت بەشێوەیەکى راستگۆ و دادوەرانە، ئەگەر 17% بۆ 18%ى دەنگدەران بەشداربن و زیاتر 80%ی بەشدار نەبن، ئێمە لە بەردەم کێشەیەکى زۆر گەورەدا دەبین."
هەڵبژاردنى داهاتوو جیاوازە لە 2021، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانییەکانی ناوچەکە و جیهان.
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى دەڵێت: "هەنگاو بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو دەنێین بەرەو قۆناخێک کە ئەگەر هەیە کاریگەریى دەرەکى و هەرێمى و گۆڕانکارییەکان لە چەند مانگى داهاتوودا کاریگەرییان لەسەر ئەو هەڵبژاردنە هەبێت، نازانیم پەیوەندى یان سرووشتى بەریەککەوتنى عێراق و ئەمریکا چۆن دەبێت و ئەمانە گرنگن بۆ کاریگەربوونیان لەسەر هەڵبژاردن."
بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق بکرێت. سوننەکان چاویان لەسەر ئەو هەڵبژاردنەیە کۆیان بکاتەوە و کاراکتەری سیاسیى نوێیان بۆ پێش بخات.
مستەفا کوبەیسی، ئەمیندارى گشتى پارتى قەڵاى نیشتمانى باس لەوە دەکات: "گەشبینم لەوەى کە سەقامگیرییەکى رێژەیی لاى سوننەکان هەیە بەرامبەر بە پرۆسەى سیاسی، هەروەها گەشبینم لەوەى بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو نەوەیەکى گەنجى نوێى سوننە دەردەکەون کە بەشێوازێکى دیکە بیردەکەنەوە".
ئەو هەڵبژاردنە بە سیستمێکى نوێ دەکرێت بۆ دیاریکردنى بەربژێرى براوە، کە لە بەرژەوەندی بەربژێرانی سەربەخۆ و پارتە بچووکەکاندا نییە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەیەک بەربژێری سەربەخۆ گەیشتنە پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ