رووداو دیجیتاڵ
قەزاى سەید دەخیل لە سنوورى پارێزگاى زیقار بە فەرمى لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە بە "ناوچەیەکى کارەساتبار" ناسێندرا، گوتەبێژى ئەنجوومەنەکە دەڵێت، مانگێکە قەزاکە بێ ئاوە و بە تەنکەر ئاوى خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە یەکى نیسانى 2025)، ئەحمەد ئیراهیمى، ئەندام و گوتەبێژى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "زیاتر لە مانگێکە ئاوى ئاوڕێژەکانى قەزاى سەید دەخیل نەماون و بێ ئاو بووە، کە پشت بە رووبارى دیجلە دەبەستێت، پێشتر ئاوى ئەو قەزایە کەم دەبووەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەتەواوى بێ ئاو بێت."
قەزاکە 20 کیلۆمەتر لە باشوورى ناسرییەى ناوەندى پارێزگاى زیقارەوە دوورە، بە یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییەکان ناسراوە.
گوتەبێژى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار گوتى، "زیاتر لە 90 هەزار کەس لە قەزاى سەید دەخیل دەژین و ئێستا ئاوى خواردنەوەیان نییە و بە تانکەر بۆیان دابین دەکرێت، کشتوکاڵ لەو قەزایە پەکى کەوتووە، کە سەرچاوەى بژێویی زیاتر لە 70%ـی دانیشتووانەکەیەتى و بەهۆیەوە زۆرینەى گوندەکان چۆڵ بوون و کۆچیان بۆ پارێزگاکانى دیکەى دەوروبەرى زیقار کردووە."
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار، ژوورێکى ئۆپەراسیۆن بەسەرۆکایەتیی پارێزگار و جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەن و بەڕێوەبەرانى گشتیى شارەکە پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پشکى پارێزگاکە لە ئاو، لەپێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى کەمئاوى.
بەپێی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا، پشکى ئاوى عێراق لە رووبارى دیجلە و فوڕات 70% کەمی کردووە و سەرچاوەى زۆربەى رووبارە نێوخۆییەکانیش وشک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ