ئەحمەد شەرع و محەممەد شیاع سوودانی جەخت لە "قۆناخێکی نوێ" لە پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا دەکەنەوە

01-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع و محەممەد شیاع سوودانی جەخت لە قۆناخێکی نوێی پەیوەندی نێوان عێراق و سووریا دەکەنەوە و هاوڕان لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. 
 
رۆژی سێشەممە، 1ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پیرۆزبایی جەژنیان لە یەکدی کرد. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سوودانی بە بۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کردووە و جەختی لە پابەندبوونی عێراق لە رێزگرتن لە بژاردە سیاسییەکانی سووریا کردووەتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها "جەختی لە گرنگی پڕۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کردووەتەوە کە ببێتەهۆی زامنکردنی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە کۆمەڵگەی سووریادا لەپێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا و ناوچەکە بە گشتی."
 
سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا کردووە و ئامادەیی عێراقی بۆ "هاوئاهەنگییەکی بەهێزتری ئابووری" لەگەڵ سووریا نیشانداوە.
 
سەرۆکایەتیی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەحمەد شەرع و سوودانی "گفتوگۆیان لەبارەی پرسە هەنووکەییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی سنوور و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر کردووە."
 
سەرۆکایەتیی سووریا دەشڵێت، ئەحمەد شەرع "جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکانی بەردەم هەردوو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە."
 
ئاژانسی هەواڵیی سووریا دەڵێت، شەرع و سوودانی جەختیان لە قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووەتەوە و تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە هەردوولا لە داهاتوودا هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ چارەسەری ئاڵنگارییە ناوچەییەکان بخەنەگەر.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان شەرع و سوودانییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە