رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە شوێنکەوتووانى مەزهەبی سوننە 31ى ئاداریان بە یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان دیاریکرد و لە مزگەوتى شێخ عەبدولقادرى گەیلانى لە بەغدا نوێژى جەژنیان کرد، بە پێچەوانەى بەشەکەى دیکەی سوننە کە رۆژێک پێشتریان کرد بە یەکەم رۆژى جەژن.
دەستەى زانایانى موسڵمان لە عێراق 30ى ئادار و وەقفى سوننە رۆژێک دواتریان وەکو یەکەم رۆژى جەژن دیاریکرد.
ئەوە یەکەمجار بوو جیاوازییەکى لەو جۆرە لەبارەى یەکەم رۆژى جەژن لەنێو ئەو پێکهاتەیەى عێراق رووبدات و سوننەکانى کرد بە دوو بەرەوە.
عەبدولعەزیز حوسێن، نوێژخوێن دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێمە نوێژى جەژنمان لە تەکیەى قادری ئەنجامدا، کەشەکە زۆر خۆش بوو، لەم بۆنەیەدا لە خوا داواکارین ئاسایش و ئارامى و سەقامگیریمان بۆ بهێنێت."
ئەو سوننە مەزهەبانەى کە 30ى ئاداریان کرد بە یەکەم رۆژى جەژن، لە دەرەوەى مزگەوتەکان نوێژى جەژنیان کرد، چونکە ئەو رۆژە وەقفى سوننە دەرگاى مزگەوتەکانى بەڕووى نوێژخوێناندا نەکردەوە تاوەکو نوێژى جەژنى تێدا بکەن.
رافع رفاعی، موفتیی عێراقیش گوتی، "قسەیەک هەیە دەبێت بگوترێت، لەدواى ئەو هەرا گەورەیەى لە کۆمەڵگەکەمان بەهۆى ئەو ناکۆکییە روویدا لەبارەى سەلماندنى بینینى مانگ و پشت بە چى ببەسترێت، هۆکارەکەى ئەو هەرایە ئەوە بوو کە میدیاکان ئەوەیان کردە پاساوێک بۆئەوەى باس لەوە بکەن بێسەرووبەرییەک هەیە، ئەوە قبووڵکراو نییە، ئەوەى دەیزانێت و نایزانێت لەو پرسەدا قسە دەکات، نابێت وابێت."
ئەو جیاوازییە بەهۆى یەکەم رۆژى جەژنەوە، کاردانەوەى لەنێو لایەنە سیاسییەکانى سوننەش لێ کەوتووەتەوە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، ئەوەى لەبارەى بینینى مانگى شەوال و دەرهاویشتەکانى روویاندا، وادەکات پێداچوونەوەیەکى شەفافانە بکرێت بە چەند یاسایەک؛ بڕیارى داخستنى مزگەوتەکان، رێگرى لە ئەنجامدانى نوێژى جەژن، هەڕەشەى سزادان لە گوتارخوێنان و ناچارکردنى نوێژخوێنان بەوەى لە دەرەوەى مزگەتەکان نوێژ بکەن، پێشهاتێکى مەترسیدارە. خەمیس خەنجەر داواشی کرد، بڕیارى دامەزراوە فەرمییەکان و دەستە شەرعییەکان سەربەخۆ بن و لە کارتێکردنى سیاسی و حیزبى بپارێزرێن.
یەکەم رۆژى جەژنى بەشێک لە سوننەکانى عێراق، هەمان رۆژ بوو کە شیعەکان کردیانە رۆژى دەستپێکى ئەو جەژنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ