عێراق تاوتوێى پڕۆژەیەک بۆ بارانى دەستکرد دەکات

01-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەیەک دەدرێتە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ بارانى دەستکرد، لەپێناو دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا و وشکەساڵى.
 
رۆژی سێشەممە، 01ـی نیسانى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو پڕۆژەیە لەلایەن دەستەکەیانەوە دراوەتە ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ راوێژکارێکى دەستەى راوێژکارانى سەر بە ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کۆبوونەتەوە.
 
بە گوتەى عامر جابرى پڕۆژەکە لە قۆناخى تاوتوێکردندایە، بەو پێیەى پێویستى بە بودجە و پاڵپشتى لۆجستى و فڕۆکەى چاودێری و تایبەت بە بارانى دەستکردە.
 
ئەو هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوایە لەسەر عێراق، کە پێنجەم وڵاتى جیهانە زۆرترین کاریگەرییەکانى ئەو دۆخەى لەسەرە. 
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەکە لەسەر بنەماى چۆنیێتى کۆکردنەوەى هەورە بۆ باران، ئاستى سەرکەوتنیشى بە گوێرەى ناوچەجیاوازەکانى عێراق دەگۆڕدرێ.
 
عامر جابر گوتى: "ئامانجى پڕۆژەکە چارەسەرکردنى وشکەساڵی و بووژاندنەوەى کشتوکاڵە لە عێراق".
 
رۆژى دووشەممە، 31ى ئادارى 2025، تیمى تایبەتى بارانى دەستکرد لە دەستەى کەشناسی و بومەلەرزەزانیى عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیێتى ژمارەیەک کۆمپانیاى ئوستراڵى و ئەڵمانی کۆبوونەوە، کە تایبەتمەندى ئەو بوارەن. 
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، کۆبوونەوەکە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارى تیمەکە بووە لەبارەى پێداویستى تەکنیکی و تەکنەلۆژیى تایبەت بە بارانى دەستکرد.   
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە