رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، تێبینیی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان کردووە و "هەمیشە پاڵپشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بووین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی سیاسییەوە."
رۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2025، لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بە رووداوی گوت: "ئێمە تێبینی راپۆرتە پەیوەندیدارەکانمان کردووە. چین هەمیشە پاڵپشتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بووە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی سیاسییەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلان لەلایەن ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە زمانی کوردی خوێندرایەوە. دواتر پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە زمانی تورکی خوێندەوە.
دەم پارتی وێنەی نامە دەستییەکەی ئۆجەلانی بڵاوکردەوە کە بە زمانی تورکی نووسیبووی. هاوکات، وێنەیەکیشی بڵاوکردەوە کە لە ئیمراڵی لەگەڵ شاندە حەوت کەسییەکەی دەم پارتی گرتبووی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زمان و راستییەکانی قۆناخەکەدا پەرەی پێبدرێت."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی: ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ