ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنەوەی پێناسە گومرگییەکان دەکات

11-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێنجشەممە هەڕەشەی کرد، ئەگەر لە ماوەی 90 رۆژدا لەگەڵ وڵاتان نەگەنە رێککەوتن، ئەوا پێناسی گومرگی بە رێژەی بەرز، بەسەریاندا دەسەپێنێتەوە. 
 
ترەمپ رۆژی چوارشەممە، بڕیاریدا پێناسە گومرگییە نوێیەکان بۆ ماوەی 90 رۆژ لەسەر ئەو وڵاتانە بوەستێنێت کە پێناسی نوێیان بەسەر ئەمریکادا نەساپاندووە، ئەوەش وەک مۆڵەتێک بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانی واشنتن تاوەکو لەگەڵ واشنتن بگەنە رێککەوتن. 
 
بەڵام ئەوانەی لە تۆڵەی پێناسەکانی ئەمریکادا باجی گومرگیان لەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان زیادکرد، لە ژێر پێناسی گومرگی گەورەدا دەمێننەوە. 
 
ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێناسی گومرگی لەسەر ئەو وڵاتانە لانابات، بەڵام دانی بەوەدا نا کە دەکرێت پێناسەکان کاریگەریی خراپ بخەنە سەر بازاڕ، بەڵام گوتی لە کۆتاییدا بەرهەمیان دەبێت. 
 
ترەمپ گوتی: "گۆڕانکارییەکە باج و کێشەی دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا شتێکی جوان دەبێت."
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی 2ـی نیسان لە ژێر ناونیشانی "رۆژی ئازادکردن" پێناسە گومرگییەکانی راگەیاندن و دەستی لە هیچ وڵاتێک نەپاراست، یار و نەیارەکانی وەک یەک کردنە ئامانجی رێکارەکانی و زۆرترین پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشە بارزگانییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیدا سەپاندن، لەنێویاندا یەکێتیی ئەورووپا و چین. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە