رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات و بە "ترووسکەی هیوا" وەسفیدەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پەیامەکەوە بە رۆژانامەڤانانی راگەیاند: "سکرتێری گشتی پێشوازی لەم بەرەوپێشچوونە گرنگە دەکات. ئەمە ترووسکەیەکی هیوایە کە دەبێتە هۆی چارەسەرێک بۆ ململانێیەکی لەمێژینە."
شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین پەیامەکەی بە کوردی خوێندەوە. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە 7 کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا دەڵێت: "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."
دەشڵێت: "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ