رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشەڤەچوون لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە نزیکبوونەتەوە. راشیگەیاند ئیدارەکەی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس، بەڵام وردەکاری زیاتری لەبارەی ئەو گفتوگۆیانە ئاشکرا نەکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە کەرتی غەززە و راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست.
هەروەها لەبارەی بارمتەکان، ترەمپ دەڵێت: "زۆربەیان گەڕاونەتەوە، زۆریشیان سوپاسگوزارن، هەندێکیان لە دۆخێکی خراپدا گەڕاونەتەوە، هەندێکیان باشن، بەڵام ژمارەیەکیان لەرووی دەروونییەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ خراپ دەبێت." گوتیشی: "ئێمە پێشەڤەچوونمان بینیووە و مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەین، و مامەڵە لەگەڵ حەماس دەکەین، ئەوان گرووپێکی قێزەونن."
بەگوێرەی زانیارییەکان، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، لەگەڵ بەرپرسانی میسر لە گفتوگۆدایە بۆ ئامادەکردنی رێککەوتنێکی دیکە لەبارەی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویانکردووەتەوە، رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێککەوتنێکی نوێ بکرێت، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر چەند خاڵێک ماوە.
لەدوای دوو مانگ ئاگربەست، لە 18ی ئادارەوە سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، بەبیانووی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس پابەندی خاڵەکانی ئاگربەستەکەی پێشوو نەبووە.
لەوکاتەشەوە، سوپای ئیسرائیل، لەسەدا 25ی کەرتەکەی کۆنترۆڵکردووە و فەرمانی چۆڵکردنی بۆ لەسەدا 64ی ناوچە جیاجیاکانی غەززە دەرکردووە بەمەبەستی فراوانکردنی گوشارەکان بۆ سەر حەماس، تاوەکو ناچار بن بارمتەکان ئازاد بکەن.
لەبارەی گفتوگۆکانەوە، دۆناڵد ترەمپ لەکاتی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گوتی: "حەز دەکەم کۆتایی ئەو جەنگە ببینم، پێموابێت ئەو جەنگە لە خاڵێکدا کۆتایی دێت، بەڵام پێموانییە بەمزووانە بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ