رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات. بوونی کەناڵی دیالۆگیش لە نێوان دوو وڵاتەکە بە "ئەرێنی" دەزانێت.
رۆژی هەینی 11ـی نیسانی 2025، کریستیان ڤاگنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین رایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەبێت. گوتیشی، "بوونی کەناڵێکی دیالۆگ لەنێوان ئێران و ئەمریکا پەرەسەندنێکی ئەرێنییە".
بڕیارە سبەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بە نێوەندگیری بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆببنەوە.
شەوی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ ئێران رێککەون و رێگەیان پێنادەن ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەگەر پێویست بە رێگەی سەربازی بکات، ئەوا رێگەی سەربازی دەگرینەبەر. ئاشکراشە ئیسرائیل بەشدارییەکی زۆری لەوەدا دەبێت و سەرکردایەتی دەکات".
راوێژکارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لەبارەی گفتوگۆکانەوە گوتی، تاران رێککەوتنێکی "راستەقینە و دادپەروەری" لەگەڵ ئەمریکا دەوێت.
عەلی خامنەیی هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر بەرپرسانی واشنتن لە هەڕەشەکانیان بەردەوام بن ئەوا پشکنەرانی وێستگە ئەتۆمییەکان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن لە وڵاتەکەی دەردەکات.
لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و گفتوگۆکانی ئەو دوو وڵاتە رۆژی چوارشەممە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قبووڵنەکراو و ناڕەوایە بۆ دووژمنانی ئێران رێکاری سەربازی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بگرنەبەر.
ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "بەم دواییانە پەیام و ئاماژەمان بۆ ئەگەری رێککەوتنی دیپلۆماسی بینیوە و پێموایە دەبێت ئەوانە لەبەرچاو بگیرێن. تێبینی ئەوە دەکەین هەر دۆخێک ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە دەبێت پێشوازی لێ بکرێت".
ئێران پێنج ناوەندی سەرەکی ئەتۆمی هەیە و چواریان لە قوڵایی خاکی وڵاتەکەیدان. بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران 240 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ـی هەیە، بیگەیێنێتە 90٪، بەشی بەرهەمهێنانی 6 بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بە فەتوای رێبەری باڵا حەرامکراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەگەر مەترسی و هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەیان بەردەوام بن، مافی خۆیانە ئەو چەکەیان هەبێت.
بە گوێرەی میدیای ئیمارات، گفتوگۆکانی رۆژی شەممە ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی لێنەکەوێتەوە، دەکرێت هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رابگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ