ئەورووپا بۆ سێ مانگ وەڵامی پێناسی گومرگیی ئەمریکا ناداتەوە

11-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، 27 ئەندامی یەکێتییەکە لە پلانی وەڵامدانەوەی پێناسی سەپێنراوی گومرگیی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ دەوەستن، "ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بە گفتوگۆ و دانوستاندن بدرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-04-2025، ئورسولا ڤۆن دێرلاین رایگەیاند: "لەکاتێکدا خەریکین رێوشوێنی وەڵامدانەوە تەواو دەکەین و لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پشتگیرییەکی زۆری کرا، بڕیارماندا بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵیپەسێرین."
 
رۆژێک پێشتر، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا، لە دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا وەڵامیان هەبێت. ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپادا سەپاند.  
 
هەر چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگییەکانی سەر زۆربەی وڵاتانی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵگرت، ئەمەش 13 کاژێر دوای ئەوەی سەپاندنی. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو بڕیارە چین ناگرێتەوە.
 
ڤۆن دێرلاین گوتیشی: "ئەگەر دانوستاندنەکان جێی رەزامەندی نەبوون، وەڵامی پێناسە گومرگییەکان دەدەینەوە."
 
ئەمریکا 20٪ـی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەورووپا سەپاندووە.
 
مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوارد لوتنیک، وەزیری بارزگانیی ئەمریکا و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا کردووە.
 
سێفکۆڤیچ لە ئێکس نووسی: "تەلەفۆنێکی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا وەڵامەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵدەپەسێرین و دەچینە نێو دانوستاندنە بەماناکانەوە. پەیوەندیی بەردەوام و ئاگاداربوونی رۆژانە وامان لێدەکات بەرەوپێش بچین."
 
ئەو وەڵامەی یەکێتیی ئەورووپا بەنیاز بوو بیداتەوە، کاڵای ئەمریکی بایی 20 ملیار یۆرۆ بە ئامانج دەگرت لەوانەش فاسۆلیای سۆیا، ماتۆڕسکیل و بەرهەمەکانی جوانکاریی خانمان.
 
یەکێتییە 27 ئەندامییەکە هێشتا کار لەسەر وەڵامێک بۆ پێناسە جیهانییەکانی ئەمریکا دەکات، ڤۆن دێرلاین گوتی: "کاری ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامە. هەموو بژاردەکانمان لەبەردەستن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە