پۆلیسی بەریتانیا 265 سەرتاشخانە و فرۆشگا دەپشکنێت؛ خاوەنی بەشێکیان کوردن

11-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەریتانیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا 265 سەرتاشخانە و فرۆشگای ڤەیپی لە وڵاتەکەی پشکنی، پۆلیس دەستی بەسەر بڕێکی زۆر پارەدا گرت و 35 کەسیشیان بە تۆمەتی قاچاخچیێتی و کارکردنی کۆچبەران بە نایاسایی دەستگیرکرد.
 
ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سێ هەفتەییدا و بۆ کەمکردنەوەی تاوانی سەر شەقام سەردانی 265 سەرتاشخانە و فرۆشگەی ڤەیپیان کردووە و دەستیان بەسەر یەک ملیۆن پاوەندی نێو ژمارەیەک هەژماری بانکیدا گرت، 84 فەرمانی گەڕانیان بەدوای ئامانجێکی دیاریکراودا جێبەجێکرد و 35 کەسیشیان دەستگیرکرد. 
 
ئاژانسەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لەو هەڵمەتەدا لێپرسینەوەیان لە 55 پەناخواز کرد و 97 پەناخوازیشیان لە شوێنەکانی کارکردن بردە دەرەوە، کە وەکو "کۆیلە" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. 
 
بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی میدیای بەریتانیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاویانکردوونەتەوە، بەشێک لەوانەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا و لە شوێنەکانی کارکردن بردرانە دەرەوە کورد بوون. 
 
پۆلیسی بەریتانیا دەستی بەسەر 40 هەزار پاوەند پارەی کاش، 200 هەزار جگەرە، حەوت هەزار پاکەت و هەشت هەزار ڤەیپی نایاساییدا گرت. هەروەها دەستی بەسەر دوو کێڵگەی چاندنی حەشیشدا گرت، کە 150 بنە حەشیشیان تێدابوو. 
 
ریچڵ هەربەرت، جێگری بەڕێوبەری سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی ئابووری لە ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر سەرتاشخانە و ژمارەیەک شوێنی بازرگانی دیکەی سەر شەقامەکان بوون، کە تاوانیان تێدا دەکرێت."
 
دان خافێرز، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە گوتی، "ئاستی تاوانی سەر شەقام مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سنوورەکانمان و متمانەی هاووڵاتییانمان. پابەندم بە رێکاری تووند و پێویست بۆ دادگەییکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن". 
 
بەگوێرەی ئاژانسە بەریتانیاکە، ساڵانە گرووپە تاوانکارییەکان 12 ملیۆن پاوەندیان لە کاری نایاسایی و قاچاخیدا دەستدەکەوێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە