یەکێتیی ئەورووپا و ئیمارات دانوستاندن لەسەر بازرگانیی ئازاد دەکەن

10-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی ئەورووپا و ئیمارات بڕیاریاندا دەست بە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد بکەن. یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت جگە لە ئەمریکا بەدوای هاوبەشی دیکەدا بگەڕێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-04-2025، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆن و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "دۆستانە"ـیان کردووە. دوو سەرکردەکە رێککەوتوون کار لەسەر ئازادکردنی بازرگانیی کەلوپەلەکان، خزموتگوزارییەکان و وەبەرهێنان بکەن. 
 
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دانوستاندن لەسەر بازرگانیی ئازاد بکەن. "سەرۆک ڤۆن دێرلاین متمانەی خۆی دەربڕی کە هەردوولا دەتوانن بە خێرایی و بە ئامانجەوە بەرەو پێش بڕۆن."
 
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی و بازرگانیی واشنتن لەگەڵ ئەورووپا تێکچووە، برۆکسل هەوڵی فراوانکردنی ئاسۆی بازرگانیی خۆی دەدات.
 
ڤۆن دێرلاین بلۆکە 27 وڵاتییەکەی وەکو هاوبەشێکی بازرگانیی متمانەپێکراوە پیشانداوە، بۆ هەر لایەنێک کە دەیەوێت بازرگانی بکات؛ ئەمەش لەکاتێکدایە، بازرگانیی جیهانی لە تەنگژەدایە و ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو وڵاتاندا سەپاندووە.
 
بەپێی راگەیێنراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا، "ڤۆن دێرلاین جەختی لە مێژووی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپا کردەوە، کە رێککەوتننامەی بازرگانیی ئاستبەرزی پێشکەشکردووە و لەسەر بنەمای بازرگانیی کراوە و سوودی دوولایەنە هاوبەشی دروستکردووە."
 
لە چەند مانگی رابردوودا، برۆکسل لووتکەی لەگەڵ هیندستان و ئەفریقای باشوور کرد، رێککەوتنێکی بازرگانیی لەگەڵ مەکسیک راگەیاند و لەگەڵ مالیزیا گفتوگۆکانی دەستپێکردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە