رووداو دیجیتاڵ
چین پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بۆ 125٪ بەرز کردەوە. ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ سەپاندنی پێناسی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەو وڵاتە.
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەندێک وڵات هیچ وەڵامێکیان بۆ پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەیان نەداوەتەوە، بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسی گومرگی لەسەر 75 وڵات هەڵدەگرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەردا چینی بە تێکدانی بازاڕی جیهان تاوانبار کرد و پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 125٪ بەرزکردەوە. رۆژێک دواتریش پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 145٪ بەرزکردەوە.
لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکادا، چین پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا بۆ 84٪ بەرزکردەوە.
ئەمڕۆ هەینی، چین جارێکی دیکە پێناسە گومرگییەکانی سەر ئەمریکای بەرزکردەوە بۆ 125٪.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین دوای بەرزکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان، داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد لەگەڵ پەکین دژی "زۆردارییەکانی" ئەمریکا بوەستن و گوتی "لە شەڕی پێناسی گومرگیدا هیچ کەس براوە نییە".
چین دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ بە دانانی پێناسە گومرگییەکان بازاڕی جیهانی تێکداوە و دەبێت، "بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو بێسەروبەرییە بگرێتە ئەستۆ کە بازاڕی گرتووەتەوە."
وەزارەتی بازرگانیی چینیش رایگەیاند، "زیادکردنی پێناسی بەردەوامی ئەمریکا بەسەر چین، بووەتە یاری ژمارە بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی کرداری لەسەر ئابووری هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ