رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان لەدوای رووخانی بنمیچی یانەیەکی شەوانەی کۆماری دۆمینیکا لە ئەمریکای باکوور، گەیشتە 218 کەس.
رۆژی پێنجشەممە، 10-04-2025، خوان مانوێل مێندێز، بەڕێوەبەری ناوەندی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکان (COE) لە کۆماری دۆمینیکا رایگەیاند: "بەداخەوەین کە تاوەکو ئێستا گیان لەدەستدانی 218 کەس پشتڕاستکراوەتەوە."
کارەساتی یانە شەوانەکە بەرەبەیانی سێشەممە، 08-04-2025، روویدا. یانەکە ناوی (Jet Set)ـە و یەکێکە لە یانە شەوانە بەناوبانگەکانی شاری سانتۆ دۆمینگۆی پایتەختی دۆمینیکا و شەوانی دووشەممە کۆنسێرتی گۆرانیبێژە بەنێوبانگەکانی تێدا دەکرێت.
لەوکاتەوە تیمە فریاگوزارییەکان بەچڕی کار دەکەن و تەرم و بریندارەکان دەردەهێنن. یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە روبی پێرێز، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتی رووداوەکە لەسەر سەکۆی گۆرانیگوتن بوو. یەکێکی دیکەش سیاسەتڤانێکی ئەو وڵاتەیە.
بەگوێرەی مێندێز، 189 کەس لەلایەن تیمەکانەوە بە زیندوویی رزگارکراون.
میدیایی خۆجێیی دەڵێت، لەکاتی رووداوەکە مەزەندە دەکرێت 1000 کەس لە ژوورەوە بووبن و 500 کەسیش برینداربووبن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی ئەو ژمارانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
مێندێز گوتی: "خەریکە تیمەکانمان دەگەنە کۆتایی پرۆسەی گەڕان. بەم تراژیدیایە زۆر خەمبارین کە هەموو گەلی دۆمینیکای خەمبار کرد."
دەسەڵاتداران پێیان وانییە هیچ کەسێکی دیکەی زیندوو لەژێر داروپەردووی بنمیچەکە مابێت.
حکومەتی وڵاتەکە رایگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی کاری تیمەکان، دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکەن.
زیاتر لە 300 کارمەندی تیمە فریاگوزارییەکان لەگەڵ سەگی بۆنکەر، دوو رۆژ لە شوێنی داروپەردووەکە گەڕان؛ لە پیۆرتۆ ریکۆ و ئیسرائیلیەوەش تیمی ئاگرکوژێنەوە یارمەتییاندان.
بەگوێرەی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی دوای کارەساتەکە، شوێنەکە وەک ئەوە وایە بوومەلەرزەیەکی گەورەی لێ روویدابێت.
لە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت پێرێز خەریکی گۆرانیگوتنە و لە پڕ بنمیچەکە بەسەر ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە دەکەوێت.
لویز ئەبینادیر، سەرۆکی دۆمینیکا سێ رۆژ ماتەمینی بەهۆی ئەم رووداوەوە راگەیاند.
دۆمینیکا وڵاتێکی ئەمریکای باکوورە، دەکەوێتە دوورگەی هیسپانیۆلا لە دەریای کاریبی. نزیکەی 11 ملیۆن و 532 هەزار کەس لەو وڵاتە دەژین و زمانی فەرمییان ئیسپانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ