کام چین و توێژ زیاتر دەنگیان بە ترەمپ داوە؟

09-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانی گەورە لەنێو کۆمەڵە بچووکەکان و گۆڕانی بچووک لەنێو کۆمەڵە گەورەکان دۆناڵد ترەمپیان گەیاندەوە بە کۆشکی سپی.
 
بە گوێرەی راپرسییەکی  AP VoteCastی ئەمریکی کە زیاتر لە 120 هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، بەربژێرە کۆمارییەکە بە دەنگی بنکە جەماوەرییە باوەکەی دەرچووە کە پێکدێت لە دەنگدەرانی سپیــــپێست، دەنگدەرانی بێ بڕوانامە و دەنگدەرانی بەتەمەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لەنێو چینی گەنج و پیاوانی رەشپێست و بە رەچەڵەک ئیسپانی دەنگەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. 
 
دەنگەکانی ترەمپ لەنێو گەنجاندا زیادیان کردووە
 
بەراورد بە چوار ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەکی زیاتری گەنجان دەنگیان بە ترەمپ داوە.
 
دەنگدەران بەپێی تەمەن
 
نیوەی زیاتری ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 45 ساڵە، دەنگیان بە ترەمپ داوە؛ نیوەی زیاتری ئەوانەشی تەمەنیان خوار 45 ساڵە دەنگیان بە هاریس داوە، بەڵام لەنێو دەنگدەراندا رێژەی بەتەمەنەکان لە گەنجان زیاتر بوو، کە ئەوە لە قازانجی ترەمپدا شکایەوە.
 
لە هەر 10 دەنگدەری ئەم ساڵ، 6یان تەمەنیان سەرووی 45 ساڵ بوو.
 
دەنگەکانی ترەمپ لەنێو گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوون، بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـدا کاتێک رکابەریی جۆ بایدنی دەکرد، لە هەر 10 دەنگدەری تەمەن خوار 45 ساڵ، چواریان دەنگیان بە ترەمپ دا. لەم هەڵبژاردنە نزیکەی نیوەیانی بردەوە.
 
ئەوانەشی گەنجترن، واتە تەمەن 18 تا 29 ساڵ، لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر دەنگیان بە ترەمپ داوە، بە جۆرێک نزیکەی 46٪یان دەنگیان پێ داوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020ـدا 36٪یان دەنگیان پێ دابوو.
 
دەنگی ترەمپ لەنێو ئەوانەدا کە بڕوانامەیان نییە زیادیکردووە
 
لە هەر 10 دەنگدەری ترەمپ، نزیکەی 6 کەسیان، بێ بڕوانامە بوون. بەراورد بەوە، نزیکەی نیوەی دەنگدەرانی هاریس بێ بڕوانامە بوون. 
زۆرینەی ئەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەبوو، بڕوانامەی زانکۆیان نەبوو. زۆربەی ئەوانەشی زانکۆیان نەخوێندووە، پشتیوانییان لە ترەمپ کردووە.
 
ترەمپ دەنگی 55%ی ئەوانەی بردووەتەوە کە بڕوانامەیان نییە. لە هەر 10 کەسیشیان 4یان دەنگیان بە هاریس داوە.
 
دەنگدەران بەپێی ئاستی خوێندنیان
 
دەنگەکانی ترەمپ لە نێو ئەو پیاوانەی بڕوانامەیان نییە و سپی پێست نین، هەروەها لەنێو گەنجانی بێ بڕوانامەشدا بە گشتی زیادیکردووە. 
بەڵام لە هەمان کاتدا، دەنگەکانی لەنێو ئەو ژنانەی بڕوانامەیان نییە و سپیپێست نین، زیادبووە.
 
زۆربەی ئەوانەی زانکۆیان خوێندووە، دەنگیان بە هاریس داوە و رێژەی ئەوانەشی دەنگیان بە ترەمپ داوە، 4 لە 10 بووە.
 
ترەمپ دەنگی سپیپێستەکانی بردەوە
 
هاوشێوەی 2020، ئەم ساڵیش زۆربەی دەنگدەرانی ترەمپ سپیپێست بوون؛ بەڵام دەنگدەرەکان لە رووی رەنگی پێستەوە، فرەڕەنگتر بوون بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو و ئەمجارە لەنێو گرووپە بچووکەکاندا ژمارەی دەنگەکانی زیادکرد.
 
سپیپێستەکان سێ لەسەر چواری دەنگدەرانی ئەم هەڵبژاردنەیان پێکهێنابوو. رێژی دەنگەکانی ترەمپ لەنێویاندا جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020.
 
بەڵام دەنگەکانی لەنێو رەشپێست و لاتینییەکاندا تا رادەیەک زیادیان کردووە. هەر یەکە لەو نەژادانە، 1٪ی کۆی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکەی ئەم جارەیان پێکهێنابوو.
 
لە هەر 10 دەنگدەری رەشپێست، هەشتیان دەنگیان بە هاریس داوە، بەڵام ئەو رێژەیە کەمترە بەراورد بەو 9 لە 10یەی لە ساڵی 2020 دەنگیان بە بایدن دابوو. 
 
دەنگدەران بەپێی رەچەڵەک و نەتەوە
 
دەنگەکانی ترەمپ لەنێو پیاوە رەشپێستەکان زیادیکردووە. 3 لە 10 پیاوی رەشپێستی تەمەن خوار 45 ساڵ، دەنگیان بە ترەمپ داوە، واتە دوو هێندەی ساڵی 2020.
 
پیاوە لاتینییەکان، بە دیاریکراوی گەنجان، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، ئەم جارە زیاتر دەنگیان بە ترەمپ داوە.
 
نزیکەی نیوەی پیاوە لاتینییەکانی تەمەن خوار 45 ساڵ دەنگیان بە هاریس داوە، واتە رێژەکە کەمترە بەراورد بەو 6 لە 10یەی دەنگیان بە بایدن دابوو.
 
زۆربەی گوندنشینەکان دەنگیان بە ترەمپ داوە
 
هاوشێوەی چوار ساڵ لەمەوبەر، ترەمپ پشتیوانیی گەورەی گوندنشینەکانی بەدەستهێناوە.
 
45%ی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە خەڵکی دەوروبەری شارەکان. نزیکەی نیوەی ئەوانە، دەنگیان بە هاریس داوە و 46٪یان ترەمپیان هەڵبژاردووە.
 
ترەمپ دەنگی 6 لە 10ی دانیشتووانی شارۆچکە بچووکەکان و گوندەکانی بەدەستهێناوە. هاریس دەنگی 6 لە 10ی شارنشینەکانی بەدەستهێناوە. ئەم رێژانە لەنێوان رکابەرانی دیموکرات و کۆماریدا لە ساڵی 2020يش هەر بەو شێوەیە بوو.
 
دەنگدەران بەپێی ناوچەی نیشتەجێبوونیان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە