رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ بەهێزکردنی ئاوی دووشەکانی ئەمریکا دەکرد؛ کۆشكی سپیش دەڵێت، بڕیارەکە دەبێتە هۆی 'دووبارە مەزنکردنەوەی دووشەکانی ئەمریکا'.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ بەهێزکردنی ئاوی دووشەکانی ئەمریکا واژۆ کرد و گوتی: "حەز دەکەم دووشێکی خۆش بکەم، بۆ ئەوەی گرنگی بە قژە جوانەکەم بدەم."
ترەمپ ماوەیەکی زۆرە لە گوشاری ئاوی دووشەکانی ئەمریکا ناڕازییە و دەڵێت، یاسا فیدراڵییەکانی ئەمریکا کە بۆ پاراستنی ئاو هەن خزمەت بە ئەمریکییەکان ناکەن.
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە دووشەکانی وڵاتەکەی درەنگ ئاویان لێ دێت و گوشاری ئاوەکەی کەمە و دەڵێت: "دەبێت 15 خولەک لەژێر دووشەکەدا بوەستم تاوەکو ئاوی لێ دێت، دووشەکە زۆر بە کەمی ئاوی لێ دێت، ئەمە گاڵتەجاڕییە."
بەگوێرەی ئەو فەرمانەی ترەمپ دەریکردووە، وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەبێت سنووردارکردنی سەر دووشەکانی وڵاتەکەی لاببات؛ وەزارەتی وزەی ئەمریکا تەنیا رێگە دەدات کە دووشەکانی ئەو وڵاتە لە هەر خولەکێکدا 2.5 گاڵۆن ئاو بەکاربهێنن.
کۆشکی سپی لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ گوتی: "ئەم بڕیارە کۆتایی بە جەنگی ئۆباما-بایدن دژ بە دووشەکان دەهێنێت."
ترەمپ لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمیدا بەردەوام رەخنەی لە ئاوی دووشەکان، ئاودەستەکان و چێشتخانەکانی ئەمریکا گرتووە.
ساڵی 2020 ترەمپ لەبەردەم کۆشكی سپی گوتی: "نازانم چی لەسەر قژم بڵێم، بەڵام دەبێت پاک بێت، پاک."
هەروەها ترەمپ لە حوزەیرانی 2024 لە دیترۆیت گوتی، باشترینی ئەو بەرهەمانە دەکڕێت کە بۆ پاککردنەوەی قژ بەکاردەهێدرێن، بەڵام کە دەچێتە گەرماو ئاوی دووشەکە وەکو پێویست نایەتە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ