رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی یۆنان جەختیان لەوە کردەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و ئەسینا زیاتر بکرێن و گەشتی راستەوخۆش لەنێوان سلێمانی و ئەسینا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-04-2025، لە چوارچێوەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ یۆرگۆس یراهێپیتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەبوون، جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کرایەوە.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی و کشتوکاڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان دا کردووە.
سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی، قوباد تاڵەبانی داوای لە وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد، یەکێتیی ئەورووپا "رێچکەیەکی نوێ" بگرێتەبەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا و هاوکاریی هەرێمی کوردستانیش بکات لە گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار، بۆ ئەوەی گەنجان بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، چونکە "کۆچی نایاسایی زیانی گەورەی بۆ هەردوولا هەیە".
پرسی پێکهێنانی حکومەت، بابەتێکی دیکەی گفتوگۆی کۆبوونەوەکە بووە. قوباد تاڵەبانی گوتی، "هەنگاوی زۆر باش نراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت".
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و قەیرانی سووریا، هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون دەبێت کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و هەوڵ بدرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ