prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئێران دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی نەبێت، ئەوا ئیسرائیل سەرکردایەتی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات. دەشڵێت، ئەگەر چارەسەری سەربازی پێویست بێت، ئەوا بەکاریدەهێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران قسەی کرد و گوتی، "من داوای زۆر شت ناکەم... ئەوان [ئێران] نابێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی سەربازی دژی ئێران بەدوور نازانێت و گوتی، ئەگەر چارەسەری سەربازی پێویست بێت، ئەوا بەکاریدەهێنن. ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئێران، ئەوا ئیسرائیل سەرکردایەتی ئەو هێرشانە دەکات.
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێبکات.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گفتوگۆکان گوتی، "کاتێک دەست بە گفتوگۆ دەکەیت، دەزانیت ئەگەر بە باشی بەڕێوەدەچن یاخود نا. من پێموایە کە [گفتوگۆکان] بە باشی بەڕێوەناچن، ئەوە تەنیا هەستێکە."
چەند کاژێرێک پێش گوتەکانی ترەمپ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند و بەوە تۆمەتباری کردن یارمەتی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان داوە.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک پەیام و نامەیان گۆڕیوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، گفتوگۆکانی رۆژی شەممە 'ناڕاستەوخۆن' و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو بژارەی هەیە؛ رێککەوتن یان رێگەی سەربازی."
رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەکەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن.
ترەمپ گوتی، هیواخوازە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "مەترسییەکی گەورە" دەکەوێتە سەر ئێران، ئەگەر گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ