رووداو دیجیتاڵ
سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئیدارەی ترەمپ بەسەر وڵاتان، کاردانەوەی گەورەی لەنێوخۆی ئەمریکا و جیهانیش دروستکردووە، بەشێکی وڵاتان دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن و ئەم دۆخە سەرنەکێشێت بۆ جەنگێکی گەورەی بازرگانی، بەشێکی دیکەشیان بە تووندی وەڵامی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکایان داوەتەوە، لە نێویاندا چین.
کۆمارییەکان پشتیوانی لە سیاسەتەکە دەکەن، بەڵام دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا رەخنەی تووند لەو سیاسەتەی ترەمپ دەگرن و بۆچوونیان وایە ئەم سیاسەتە نە لە بەرژەوەندیی ئابووریی ئەمریکایە، نە لەبەرژەوەندیی خەڵکیشە، بۆیە بە تووندی لەدژی دەوەستنەوە.
جۆنی ئۆڵشێڤسکی، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا– دیموکرات بە رووداوی گوت: ''ئێمە دەزانین ئەو باجانە، گەورەترین زیادکردنی باجن لە مێژووی ئاشتیی ئەمریکادا، بۆیە ئەمە وێرانکەر دەبێت بۆ خەڵکی ئەمریکا و بازرگانی بچووک لە ئەمریکا، هاوکات زۆر خراپ دەبێت بۆ ئابووری ئێمە لە نێوخۆ و لە سەرتاسەری جیهانیشدا، بۆیە بەتەواوەتی نیگەرانم و لەدژی ئەو باجانەم لەلایەن سەرۆک ترەمپ راگەیێندراون."
گوتیشی "لە ئێستاوە وەڵامی وڵاتان دەبینین بۆ سەپاندنی باج، ئەمە باشترین شێوەی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و ئابووریی جیهانیش نییە. کاریگەرییەکانمان بینیوە، بە تریلیۆنان دۆلار لە بۆرسە زیانمان کردووە، نرخی کاڵاکان بەرزدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێمە باسی کەمکردنەوەی نرخەکان دەکەین بۆ چینی کارکەری ئەمریکا، بۆیە بە قووڵی نیگەرانم و بە تووندی لەدژیم.''
ئەم سیاسەتە، بەگشتی ئەمریکای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، هەندێکیان بۆچوونیان وایە، لە دوورمەودادا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕەکان و ژیانی خەڵک دەبێت، بەشێکیشیان بۆچوونیان ئەوەیە نرخی کاڵاکان بەرزدەبنەوە و رەنگە ئەمریکا بەرەو داتەپینی ئابووری، یان هەڵاوسانی گەورە بچێت. بەشێکی ئەمریکییەکانیش بۆچوونیان وایە هێشتا زووە لەوبارەوە بڕیاربدەن و دەیانەوێت چاوەڕێبکەن و کاریگەرییەکان ببینن.
ئێرنست شامپەین، کرێکارە و دەڵێت ''من نە لە گەڵیدام، نە لەدژیم. دەبینن لێرە لە واشنتن شۆفێری ئەم مۆتۆڕسکیلەم، بەڵام دڵنیام کە باجەکان کاریگەرییان لەسەر زۆر خێزان دەبێت کە هاتوونەتە واشنتن و لێرە کاردەکەن، کاریگەری لەسەر ئەو خەڵکانە دەبێت کە ئۆتۆمبێلی بیانییان هەیە، بەڵام ناتوانم باسی داهاتوو بکەم و نازانم چی روودەدات.''
کاندا سزێری، فەرمانبەری ژووری بازرگانیی ئەمریکاش باس لەوە دەکات، ''بە قسەی ئەو (دۆناڵد ترەمپ) ئەو باجانە پێشتر کاریگەر بوونە، وەک نموونە لە ساڵی 1930، بۆیە رەنگە کاریگەربن، بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە ببنە هۆکاری تووڕەبوونی وڵاتانی دیکە و سەرکردەکانیان، ئەوان ئەو سیاسەتەیان بەدڵ نییە کە گیراوەتەبەر، وەک نموونە چین و کەنەدا، رەنگە کاریگەریی خراپیان هەبێت، بەڵام باببینین چی روودەدات، ئەو خۆی پێیوایە کاریگەری دەبێت.''
بۆ کەمکردنەوەی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و رێگریکردن لە شەڕی بازرگانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکانی بۆ ماوەی 90 رۆژ بۆسەر 75 وڵات وەستاندووە تاوەکو دانوستاندن لەگەڵ ئەم وڵاتانە بکەن، بەڵام ئەم لێخۆشبوونە چین و چەند وڵاتێکی دیکە ناگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ