راپرسییەکان دەریدەخەن لە دەنگدانی پێشوەختدا هاریس لەپێش ترەمپە

02-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانکۆی فلۆریدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 68.3 ملیۆن کەس پێشوەخت دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا داوە.
 
ئەو راپرسییانەی لەنێو دەنگدەرانی پێشوەختدا کراون، پێشانیدەدەن زۆربەیان دەنگیان بە کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان داوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپی کۆماری پێیوایە؛ پێچەوانەکەی راستە و بە "جیاوازییەکی بێوێنە" لە پێش هاریسەوەیە. 
 
لە ئەمریکا، دەنگدەران دەتوانن پێش رۆژی دەنگدانی گشتی کە 5ـی ئەم مانگەیە، بچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن یان لە ماڵەوە کاخەزی دەنگدانەکەیان پڕبکەنەوە و لە رێگەی پۆستەوە بینێرن. 
 
سێ راپرسی لەلایەن میدیای ئەمریکییەوە کراون کە تێکڕای ئەنجامەکانی هەرسێکیان دەریدەخات؛ لە سەرانسەری ئەمریکا، هاریس 61٪ و ترەمپ 24٪ـی دەنگی دەنگدەرانی پێشوەخت دەبەنەوە. 
 
لە سەر ئاستی ویلایەتە یەکلانەبووەکانیش کە سەختترین رکابەرییان لەسەرە، هاریس لەپێش ترەمپەوەیە. 
 
ویلایەتە یەکلانەبووەوەکان، ئەوانەن کە تێیاندا رێژەی دەنگەکانی هەردوو بەربژێر زۆر لەیەکدییەوە نزیکە و مسۆگەر نییە کامیان دەیباتەوە. لەبەر گرنگییان، لە ئەمریکا بە "گۆڕەپانی جەنگ" ناودەبرێن و ژمارەیان هەشت ویلایەتە. 
 
بە گوێرەی راپرسییەکان، لە ئەریزۆنا هاریس بە 9 تاوەکو 12 خاڵ، لە جۆرجیا بە 7 تاوەکو 10، لە مشیگن بە 26 تاوەکو 39، لە کارۆلاینای باکوور بە 2 تاوەکو 6 خاڵ، لە پێنسیلڤانیا بە 17 تاوەکو 35 خاڵ و لە ویسکۆنسن بە 22 تاوەکو 60 خاڵ لە پێش ترەمپەوەیە. 
 
بەڵام لە ویلایەتی نڤادا، ترەمپ بە شەش خاڵ لە پێش هاریسەوەیە. 
 
بەشداریکردنی 68.3 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی پێشوەخت، ژمارەی پێوانەیی پێشووی دەنگدانی پێشوەختی ئەمریکای شکاند. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، نزیکەی 65٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، پێشوەخت دەنگیان داوە یان بەنیازن پێشوەخت دەنگبدەن. 
 
کۆمارییەکان دڵخۆشن چونکە راپرسییەکان دەریدەخەن، لایەنگرانیان لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بەوەی 2020 زیاتر بەشداری لە دەنگدانی پێشوەختدا دەکەن. ساڵی 2020، کاتێک ئەمریکا بەهۆی پەتای کۆرۆنا رێکاری خۆپارێزیی راگەیاندبوو، ترەمپ دژی ئەوە بوو دەنگ لە رێگەی پۆستەوە بدرێت، چونکە پێیوابوو ئەوە رێگە بۆ ساختەکاری خۆش دەکات. 
 
ئەمساڵ لە پێنسلڤانیا، بۆ نموونە، کۆمارییەکان 32٪ـی دەنگدەرانی پێشوەخت پێکدێنن، واتە ژمارەکەیان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە بەراورد بەو 21٪ـی لە ساڵی 2020 هەبوو. 
 
وێڕای ئەنجامی راپرسییەکانی میدیای ئەمریکی، ترەمپ هێشتا پێیوایە؛ زۆرینەی دەنگەکانی دەنگدانی پێشوەختی بەدەستهێناوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، بەربژێرە کۆمارییەکە لەنێو لایەنگرانی لە شاری هێندەرسن لە ویلایەتی نڤادا گوتی "بۆ یەکەمین جار لە مێژوو، ئێمە لە دەنگدانی پێشوەختدا لە پێشەوەین. وەک دەزانن، کە لە دەنگدانی پێشوەختدا، دیموکراتەکان هەمیشە لە پێشەوە بوون. بەڵام [ئێستا] ئەنجامەکانمان زۆر باشن. پێشەنگبوون لە دەنگدانی پێشوەخت، شتێکی بێوێنەیە."
 
بەڵام راپرسییەکان دەریدەخەن، وێڕای ئەوەی رێژەی بەشداریکردنی کۆمارییەکان لە دەنگدانی پێشوەختدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، هاریس بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش ترەمپەوەیە. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە ئەنجامی دەنگدانی پێشوەخت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە یەکلابکاتەوە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، نزیکەی 210 ملیۆن کەس لە ئەمریکا مافی دەنگدانیان هەیە، واتە هێشتا زیاتر لە 145 ملیۆن کەس ماون دەنگبدەن.
 
لە ساڵی 2016ـش، هیلاری کلینتنی بەربژێری دیموکراتەکان لە راپرسیی دەنگدەرانیی پێشوەختدا بە 8 تاوەکو 16 خاڵ لە پێش ترەمپەوە بوو، بەڵام دواتر ترەمپ بردییەوە. 
 
دەیڤد بێکەر، پسپۆڕی بواری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکیی گوت "ئەنجامی دەنگدانی پێشوەخت، پێت ناڵێت کێ هەڵبژاردنەکە دەباتەوە، بۆیە پێویستە خەڵک زۆر هۆشیار بێت لەو بانگەشانەی لایەنەکان بڵاویاندەکەنەوە."

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمبوڵانسێک لە شوێنی رووداوەکە. وێنە: AFP

کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.