وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: وەستانی هەناردەکردنەوەی نەوت رێگری لە سەقامگیری ئابووریی ناوچەکە دەکات

10-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، گرنگە حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە رێکبکەون بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە.
 
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023ـەوە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، "وەستانی هەناردەکردنی نەوت کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری عێراق دروست دەکات، رێگری لە سەقامگیری ئابووری ناوچەکە و هەڕەشە لە هەلی کاری ئەو ئەمریکییانە دەکات کە ئەم بۆرییە دروستی کردوون."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هانی عێراق دەدات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرابکات بۆ ئەوەی زێڕە رەشەکە بگاتەوە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون. 
 
زۆرترین ناکۆکی لەسەر میکانزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان و گەرەتنیکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و پارەی داهاتوویانە.  
 
لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەبێت پابەندی نێوەڕۆکی گرێبەستە هەنووکەییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا رۆلێکی گرنگ لە وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگێڕێت و سوود بەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەگەیێنێت کە لەوێ کار دەکەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، ئەمریکا ئامادەیە دەرفەتە بازرگانییەکانی لە عێراق بەرەوپێشەوە ببات، ئەگەر هەموو لایەنەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە