جیهان

کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دەیەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنان بەڕێودەچێت کە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی حکومەت، شاندێکی هەرێمی کوردستانیش تیێدا بەشدارە. جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت دەڵێت، ''لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە دا ژمارەیەک دیداری گرنگمان دەبێت.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 09-04-2025، دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی شاندەکەیە لە یۆنان، لەبارەی کۆڕبەندەکەوە بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەمە جاری سێیەمە لە 10 ساڵی رابردوودا وەکو شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جەنابی کاک قوباد، بەشداری دەکەین.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بڕیارە ئەمساڵ لە کۆڕبەندەکەدا باسی پرسی پەیوەندیدار بە دامەزراوەکانی حکومەت، دیموکراسی، کەشوهەوا، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی بازرگانی بۆ پێناسی گومرگی دەکرێت کە ناکۆکی خستووەتە نێوان ئەمریکا لەگەڵ ئەورووپا، چین و وڵاتانی دیکە.
دابان شەدەڵە ئاماژەی دا، ''کۆڕبەندەکە بۆ ئێمە بایەخێکی زۆری هەیە، لێرە شاندی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی پەیوەندییەکانە. پێچەوانەی ئەوەی ئێستا ئەورووپا و ئەمریکا لە یەکدی ترازاون، ئێمە دەمانەوێت ئەمە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنین، بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە بەشداربووانی ئەم کۆڕبەندە.''
کۆڕبەندی دێلفی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و سەرۆکی حکومەت، سەرککۆمار و وەزیرانی یۆنان، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی کاریگەری ئەرووپی تێیدا بەشدارن.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ''چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام داوە و ئێمە زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندیی ئابووری، سیاسی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ دەکەینەوە، هەوڵ دەدەین لەم کۆڕبەندەدا پەیوەندییەکان زیاتر پتەو بکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکەین.''
یەکێک لە دیدارەکانی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆککۆماری بولگاریا بوو؛ وەک دابان شەدەڵە گوتی، ''پێکەوە جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و هاوئاهەنگیی ئابووریی نێوانیان کردەوە و سەرۆکی بولگاریا رایگەیاند حەز بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.''
کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی، ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان لە شاری دێلفیی یۆنان بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی نێودەوڵەتی دەخرێتە بەرباس کە ئەمساڵ تاوەکو 12ـی نیسان بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ