جیهان

فرێدریش مێرتز لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی پارتەکەی لە بەرلین 9-4-2025، وێنە: Tobias SCHWARZ / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
فریدریک مێرتز، بەربژێر بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانی هەیە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو، حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکبهێنێت، لەدوای ئەوەی هاوپەیمانییان لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، پێکهێنا.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، فریدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە پارتی براوەی هەڵبژاردنەکانی 23ـی شوباتی ئەو وڵاتەیە، لەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانیێتی لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکان رایگەیاند "لەدوای چەند هەفتەی داهاتوو بە پەسندکردنی رێککەوتنامەکە، کار دەکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی نوێ لە سەرەتای مانگی ئایار."
ئەو رێککەوتنە نوێیەی نێوان پارێزگاران و میانڕۆکانی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، ئەڵمانیای خاوەن گەورەترین ئابووریی ئەورووپا بەهۆی پێناسە گومرگییە نوێیەکانی ئەمریکاوە، رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و لەکاتی راگەیاندنی هاوپەیمانیێتییە نوێیەکدا، مێرتز بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەو رێککەوتنە پەیامێکی بەهێز و روونە بۆ ئەوانەی رەخنە لە وڵاتەکەمان دەگرن، هەروەها ئاماژەیەکی روونیشە بۆ هاوپەیمانەکانمان لە یەکێتیی ئەورووپا؛ ئەڵمانیا حکومەتێکی دەبێت کە بەهێز دەبێت و توانای کرداریشی هەیە."
یەکێک لەو پرسانەی لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا گەرمە، پرسی کۆچبەرانە و بەربژێرەکە رایگەیاند، حکومەتەکەیان، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی گشتی "پرسی کۆچبەری نایاسایی کۆتایی پێبهێنێت" و، بەڵێنی "هەڵمەتێکی گەڕانەوە"ـی دا "بۆ ئەوانەی بە نایاسایی لە ئەڵمانیا دەژین."
گوتیشی "لەسەر سنوورەکانمان خاڵی پشکنین دادەنرێت و مافی گەڕانەوەی پەناخوازانیان دەبێت."
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتە نوێیەکە بەرامبەر سیاستەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا، فریدریک مێرتز دەڵێت "ئەڵمانیای راستەقینە گەڕایەوە و ئەوە پەیامەکەمانە بۆ دۆناڵد ترەمپ. ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لەبوارەکانی بەرگری جێبەجێ دەکات و ئامادە دەبین ئاسایشی خۆمان پتەوتر بکەین."
هاوپەیمانیێتیی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کۆمەڵایەتی کریستیانەکان کە بە هاوپەیمانیی پارێزگاران ناسراو بوون، بە سەرۆکایەتی فریدریک مێرتز، توانیان لەسەدا 29ـی دەنگەکانی هەڵبژاردن بەدەستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ