رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی ئەڵمانیادا پارتە بەرشداربووەکان، پرسی کۆچبەرانیان کردووەتە پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکان و سەرجەم پارتەکان بە راستڕۆ و چەپڕۆکانەوە، بەڵێنی تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر بە کۆچبەران دەدەن.
بڕیارە لە 23ـی شوباتی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی 21ـەمن خولی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
بڕیاربوو ئەو هەڵبژاردنە لە 28ـی ئەیلوولی 2025، بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هاوپەیمانیی شۆشیال دیموکرات، پارتی دیموکراتی ئازاد و سەوزەکان، فرانک ڤۆڵەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا.
لەم هەڵبژاردنەدا، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت. لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە ئەوانیش:
- سۆشیاڵ دیموکرات (SPD)
- پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP)
- پارتی سەوز
- پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD).
- پارتی دیموکراتی کریستیان (SCU)
- یەکێتی کریستیان دیموکرات (CDU)
- پارتی چەپی ئەڵمانیا
بۆچی هەڵبژاردنەکان گرنگن؟
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە پێشوەختەن. ئەوەش دوای ئەوە هات کە پارتەکانی حکومەتی ئێستای فیدراڵیی ئەڵمانیا (بە راوێژکاریی ئۆلاف شۆلتز) نەیانتوانی بەردەوام بن و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دا و 7 مانگ لە مانگی ئاسایی خۆی پێشتریان خست. جاری رابردوو 61 ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ئەمجارە (وەک بەفەرمی راگەیێندراوە) بەهۆی "گۆڕانکاریی دێموگرافییەوە" ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دوو ملیۆن کەمیکردووە. بەم جۆرەش 59 ملیۆن و 200 هەزار کەس مافیان هەیە دەنگ بدەنە یەکێک لەو 41 پارت و لیستەی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا کێبڕکێیانە لەسەر زیاتر لە 730 کورسیی پەرلەمان. خولی ئەمجارە 733 کورسییە. بەپێی سیستمی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا رێژەی بەشداری یەکلایی دەکاتەوە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەمجارەی پەرلەمان چەند دەبن.
پارتەکان چۆن دەڕواننە کۆچبەران؟
یەکێک لە پرسە گەرمەکانی ئەو هەڵبژاردنە، پرسی کۆچبەران و سیاسەتی حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیایە بەرامبەر کۆچبەران، بۆیە سەرجەم پارتەکان تێڕوانینی خۆیان بۆ پرسەکە خستوەتەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەڵمانیا؛ مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 7 ملیۆن دەنگدەر، واتە یەکێک لە هەر هەشت دەنگدەری ئەڵمانی لانیکەم پەنابەر بن یان منداڵی پەنابەرەکان بێت، بۆیە چاوەڕێکراوە کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان هەبێت.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەموو جارەکانی دیکە جیاوازە بۆ کورد لە دیاسپۆرا و بەشەکانی کوردستانیش. بۆ دیاسپۆرانشینانی کورد لە ئەڵمانیا گرنگییەکەی لە چەند روویەکەوەیە. گرنگترینیان ئەوەیە کە راپرسییەکان دەریدەخەن ئەمجارە ئاراستەی دژەکۆچبەری دەنگی زۆر دەهێنن. تەنانەت پارتەکانی دیکەش ناچاربوونە پڕۆگرامەکانی هەڵبژاردنیان وا بگونجێنن کە دەنگی ئەو دەنگدەرانە لەدەستنەدەن کە دەیانەوێ لە ئەڵمانیا سیستمێکی تووندتری کۆچبەری هەبێ.
لەلایەکی دیکەشەوە دوای گۆڕانكارییەکانی سووریا، دیاسپۆرای کوردیی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا (کە ژمارەیان زۆرە و کاریگەرییان گەورەیە) چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لەدوای ئەو هەڵبژاردنانە دۆخی بەشێکیان بگۆڕدرێ. هەروەها بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتەکان زۆر شتیان تێدایە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا هەیە، وەک: کرێی خانوو، یارمەتیی منداڵان، یارمەتییەکانی دیکەی حکومەت بۆ کەسانی کەمدەرامەت.
هەرچەندە ئەوە ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە، بەڵام ئەگەر حکومەتێکی راستئاژۆی تووند دروستبێت، کاریگەری لەسەر پشتیوانییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت.
هەڵوێستی پارتە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا بەرامبەر کۆچبەران:
کریستیانەکان (CDU/CSU)
ئەم هاوپەیمانێتییە، هاوپەیمانێتییەکی پارێزگارە و لەدوایین راپرسیی هەڵبژاردنەکانیشدا، لەپێش پارتەکانی دیکەیە و سیاسەتی ئەم پارتە لەبارەی پرسی کۆچبەران، بریتییە لە تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر بە کۆچبەران و داخستنی سنوورەکان بەڕووی کۆچبەرانی نایاساییدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش رایگەیاندووە نابێت ئەو تووندکردنە رێگە لە کۆچی یاسایی بگرێت و کاریگەریشی لەسەر دەستی کار و کرێکارە بە تواناکان نەبێت، لە هەمانکاتدا داوا دەکات چاودێری سنوورەکان چڕتر بکرێتەوە و سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و خاڵی پشکنین لەسەر سنوورەکان دابنرێن.
پارتی سۆشیاڵ دیموکرات:
پارتەکە داوای سیاسەتێکی هاوسۆز لەگەڵ کۆچبەران و پەناخوازان دەکات، بەپێی ئەجێندانی پارتەکە؛ مافی پەنابەرێتی بەشێکی دانەبڕاوە لە دیدگەی پارتەکانی سۆشیاڵ دیموکرات، بۆیە پارتەکە داوای دەرفەتی زیاتر بۆ پەناخوازی یاسایی دەکات. ئەو پارتە بڕوای بە سیستمی تێکەڵکردنی کۆچبەران لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا هەیە و پێیوایە کۆچبەران سوودیان لە پێشخستنی کۆمەڵگە و ئابووریی ئەڵمانیادا دەبێت.
پارتی سەوز:
پارتی سەوز پێیوایە یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی بەرامبەر بە پرسی کۆچبەران هەیە. بۆیە دەبێت مامەڵەی مرۆڤانە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە داوای پاراستن و مانەوە دەکەن. پارتەکە پێشنیازیش دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی دابەشکردنی پەناخوازان بەسەر وڵاتاندا لە ئەستۆ بگرێت. پارتی سەوز جەخت لەوە دەکاتەوە گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەبێت لە پێش رێوشوێنی گەڕانەوەی زۆرەملێ بێت.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا:
پارتە راستڕۆکەی ئەڵمانیا داوای پاراستنی سنوورەکان دەکات. بەپێی کارنامەی پارتەکە، ئەمە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، دەڵێ کۆچی موسڵمانان بۆ ناو ئەڵمانیا کێشەیەکی تایبەتە و شیرازەی کۆمەڵگەی ئەورووپی تێکدەدات.
پارتی چەپی ئەڵمانیا:
پارتی چەپ داوا دەکات لەڕووی مرۆییەوە تەماشای پرسی کۆچبەران بکرێت و داوا دەکەن ئەوانەی لەدەست هەژاری و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەڵدێن، مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت. پارتەکە دەڵێت یەکێتیی ئەورووپا رۆژانە رێککەوتننامەی پەنابەریی جنێڤ پێشێل دەکات، رەخنە لە بارودۆخی نامرۆڤانە لە کەمپەکانی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەگرێت.
پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا:
پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا داوای کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی زیاتری پرسی کۆچبەران دەکات. دەشڵێت، یەکێتیی ئەورووپا دەبێت کێشەی کۆچبەر و پەناخوازی نایاسایی لە وڵاتانی ئەورووپا چارەسەر و کۆنترۆڵ بکات.
پارتە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا
کریستیانەکان CDU / CSU
بنکەی سەرەکیی جەماوەری: سەرووی 60 ساڵ، ئیمانداران، خاوەنی بزنسی گەورە و بچووک، ئەوانەی ئاستی خوێندەوارییان مامناوەندی یان لەخوارەوەیە.
رێبەری پەرلەمانی: فریدریش مێرتز
رێبەری پارتەکان: فریدریش مێرتز CDU و مارکوس زویدە CSU
ژمارەی ئەندامانیان: CDU 363.100 و CSU 131.000
سۆسیال دیموکراتەکان SPD
بنکەی سەرەکیی جەماوەری: ئەوانەی کاردەکەن، سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان، ئەو ناوچانەی کارگەی گەورەی لێبوونە و کرێکاریان هەبوون.
رێبەری پەرلەمانی: رۆلف میوتزنیش
هاوسەرۆکەکان: زاسکیا ئێزکێن و لارز کلینگبەیل
ژمارەی ئەندامان: 365 هەزار
سەوزەکان Bündnis 90/Die Grünen
بنکەی سەرەکیی جەماوەری: ئەو شوێنانەی زانکۆکانی لێیە (بەتایبەت لە رۆژئاوای ئەڵمانیا)، گەنجان، ژینگەدۆستان.
هاوسەرۆکە پەرلەمانییەکانی: بریتا هازلمان و کاتارینا درویگە
هاوسەرۆکەکانی: فرانزیسکا برانتە و فێلیکس باناسزاک
ژمارەی ئەندامان: 150 هەزار
لیبراڵەکان FDP
بنکەی سەرەکیی جەماوەری: خاوەن بزنسەکان، ئەوانەی پیشەیەکی پاش زانکۆیان هەیە (پزیشک و ئەندازیار بەنموونە)، سەرمایەداران.
رێبەرە پەرلەمانییەکەیان: کریستیان دیوە
رێبەرەکەیان: کریستیان لیندنە
ژمارەی ئەندامان: 71 هەزار و 800
راستئاژۆکان AFD
بنکەی سەرەکیی جەماوەری: ئەوانەی داهاتیان کەمە یان مامناوەندە، دەنگدەرانی پێشووی پارتەکانی دیکە، ئەوانەی نایانەوێ دەنگ بدەن، ئەوانەی دەیانەوێ ئەڵمانیا سیاسەتێکی تووندی دژەکۆچبەری هەبێ، زۆرتر لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.
هاوسەرۆکەکان: تینۆ چروپاللا و ئالیز وەیدەل
ژمارەی ئەندامان: 48 هەزار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ