رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، "ئەرکە و دەبێت چارەسەر بکرێت."
رۆژی شەممە، 13-01-2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداوی گوتی، "کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرۆکایەتی و برایانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، چونکە یەک چارەنووسمان هەیە و چاککردنی دۆخی هەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەغدا دەبێت، بۆیە بەردەوام کە کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەبارەی خاڵە هاوبەشەکان دەکەین، هەندێک پرسیش هەن کە پێویستی بە چارەسەرە و دەتوانین بڵێین سرووشتی کار دروستی دەکات."
بە گوتەی نووری مالیکی لەبارەی پرسی ئەمنیش گفتوگۆیان کردووە و گوتی، "تاوتوێ هەندێک بابەتی پەیوەندیدارمان بە بارۆدۆخی ئەمنی کردووە، بە تایبەتی ئەو بارودۆخەی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان روودەدات، ئێمە پێداگرین لەسەر سەلامەتی بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەگشتی، واتا گفتوگۆکانمان پشتی بەوە دەبەست کە ئێمە هاوبەشین بۆ ئەوەی وڵاتێکی سەقامگیر دروست بکەین و عێراق لە هەموو پشێوی و ئاڵۆزییەک بەدوور بگرین."
لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نووری مالیکی گوتی، "برایانمان گفتوگۆیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و ئێمەش پشت بەخوا لەگەڵ حکومەت قسە دەکەین لەبارەی خەرجکردنی مووچەکانیان. ئەوە ئەرکە و هەر دەبێت چارە بکرێت، چۆن کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی هەر بەردەوام بێت؟ ئەوە لە بەرژوەندی هەردوولامان نییە."
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، لە شاری بەغدا بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حیزبی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە "شەهیدی میحراب" بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
دوای رێوەرەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، کۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالکی دەبێتە پێنجەم کۆبوونەوەی لەمڕۆدا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی گوتی،"گفتوگۆيهكى جیدى دهربارهى ههنگاوهكانى حكومهتى ههرێمى كوردستان و حكومهتى فيدراڵيى عێراق بۆ چارهسهركردنى پرسى بودجه و مووچه و ههناردهكردنهوهى نهوتى ههرێمى كوردستان و بابهتهكانى ديكهى كارگێڕى و دارايى و ئابوورى كرا." ههردوولا هاوڕا بوون ''ئهو پرسانه بهپێى دهستوور چاره بكرێن و نابێ هاووڵاتيانى ههرێمى كوردستان زيانمهند بن.
لەکاتێکدا بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران یەکێکە لە دیارترین کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی "نێچيرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سوودانی جهختى لهوه كردهوه "دهبێت چارهيهكى يهكجارى بۆ بابهتى مووچهى فهرمانبهرانى ههرێمى كوردستان ههبێت و تێكهڵ به پرسهكانى ديكه نهكرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ