رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی عێراق، فەرمانێکی وەلائی بۆ گەڕانەوەی عومەر کروی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، کروی پێشتر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی ساختە کردووە و نابێت بچێتەوە ئەو پۆستە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، تورکی عەتەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بەڵگەوە لەبەردەستمانە کە عومەر کروی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای ساختە کردووە و لە دەستەی دەستپاکی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین. هەندێک بڕیاری بە ناوی ئەنجوومەن بە رێککەوتی جیاوازەوە دەرکردووە، کە لەو رۆژەدا دانیشتن هیچ نەکراوە."
لەباری بڕیارەکەی دادگە، تورکی عەتەبی گوتی، "ئەو نووسراوەی بڕیاری دادگەی کارگێڕیمان بەدەست نەگەیشتووە و باوەڕیش بەو بڕیارە ناکەین."
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئاماژەی پێدەکات، "عومەر کروی دەوام ناکات و ئێمە ناهێڵین بێتە نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنەوە، چونکە ئەو بە ناوی ئێمەوە بڕیاری ساختەی دەرکردووە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و دەوروبەری."
رۆژی 23ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و متمانەیان لە سەرۆکەکەیان وەرگرتەوە. نزار لهێبی لە شوێنەکەی دانرا.
عومەر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا رایگەیاند: "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵا لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم."
لە مانگی 11 ساڵی رابردوو جارێکی دیکە متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە وەرگیرایەوە، بەڵام دواتر سکاڵای لە دادگەی کارگێڕی تۆمار کرد و دادگە دەسەڵاتەکانی بۆ گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ