رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی پەرلەمانى عێراق بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک دواخرا، کە یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانى دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئادارى 2025، سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق ئەو کۆبوونەوەیەى بۆ دواى جەژنى رەمەزان دواخست کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بکرێت.
کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ لەحەوت بڕگە پێکهاتبوو، سەرەکیترینیان دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى دەستەى حەشدی شەعبی.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دواخستنى کۆبوونەوەکە بەهۆى ئەوە بوو کە رێژەى یاسایی پەرمانتاران ئامادەى کۆبوونەوەکە نەبوون.
114 پەرمانتار ناویان تۆمار کردبوو بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکەى ئەمشەو، لەکاتێکدا پێویست بوو لانیکەم 166 ئەندام ئامادەبن.
دارا سێکانیان گوتى: "پەرلەمانتاران لە بیناى پەرلەمانئامادە بوون، بەڵام لە هەندێکیان لەکافتریاى پەرلەمان بوون و نەچوونە ناوهۆڵەکە".
پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادە باسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق، کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، بەپێی مادەى دووەمیش ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری دەکات.
ئەوە دووەم رۆژ بوو لەدواى یەک کە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بخرێتە خشتەى کارى پەرلەمان و دوابخرێت.
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق بڕیاریان دا ئەگەر"ئەمشەو" دەنگ بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەدرێت، بەشداریى هیچ کۆبوونەوەیەکى دیکەى پەرلەمان ناکەن، ئەگەر ئەو بڕگەیەى تێدا نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ