عێراق

عێراق دەڵێت، یەک ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە خەرجکردووە. وێنەکە فەرەنسایە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق، یەک ترلیۆن دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە خەرجکردووە و وەبەرهێنانی گەورەی تێدا دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، حەنان جاسم، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021، کۆمپانیای مەسدەری ئیماراتی، گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان واژۆکرد، بۆ جێبەجێکردنی پێنج پڕۆژە لە بواری وزەی خۆر، بە توانای زیاتر لە یەک گێگاوات."
بەگوێرەی دەستەی وەبەرهێنان، دابەشبوونی کارەکانی پڕۆژەی کۆمپانیا ئیماراتییەکان بەم جۆرەیە:
- وێستگەکانی زیقار 450 مێگاوات
- وێستگەکانی رەمادی 350 مێگاوات
- وێستگەکانی موسڵ 100 مێگاوات
- وێستگەکانی عەمارە 100 مێگاوات
حەنان جاسم گوتی، "بانکی ناوەندیی عێراق، یەک ترلیۆن دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە خەرج کردووە. بانکەکە داوای لە دەستەی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نێوخۆیی و جیهانییەکان کردووە، کار لە بواری وزەی خۆر بکەن لە عێراق. ئێمەش هەوڵدەدەین وەبەرهێنانی گەورە لەو بوارەدا بکەین."
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەکەیان مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی داوە، بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی پڕۆژەی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بکات، لە ناوچەی ئەرتاوی پارێزگای بەسرە، بە توانای 1000 مێگاوات.
وەک حەنان جاسم دەڵێت، پڕۆژەکەی تۆتاڵ ئینێرجی، یەکەمین پڕۆژەی لەو شێوەیە لە عێراق، کە لەسەر رووبەری 9000 دۆنم زەوی دروست دەکرێت، پڕۆژەکە نزیکەی ملیۆنێک پانێڵی هەتاوی لە خۆدەگرێت کە دابەشکراون بەسەر چوار یەکەی بەرهەمهێناندا.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق گوتی: "کار دەکەین بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە کۆمپانیای مەسدەری ئیماراتی، بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەک بە توانای 1000 مێگاوات لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق."
لەبارەی پڕۆژەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی با، حەنان جاسم گوتی، "دەستەکەمان یەکەم پڕۆژەی لەو شێوەیەی بە توانای 500 مێگاوات لە ناوچەی وادی رافیدەین دەستپێکرد. لە پارێزگای میسانیش بە توانای 5 بۆ 10 مێگاوات پڕۆژەی وزەی با دروستکراوە، لەگەڵ سێ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە پارێزگاکانی دیوانییە و نەجەف."
لە وەرزى گەرمادا، عێراق پێویستى بە نزیکەى 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەهۆى سزاکانى ئەمریکا، هاوردەکردنى کارەبا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران راگیراوە، بەرهەمى ئێستاى کارەبا لە عێراق نزیکەى 20 هەزار مێگاواتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ