لیژنەى ئاسایش و بەرگرى: پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە کارنامەى پەرلەمان هەڵبگرن

27-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رەخنە لە دانانى خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبى دەگرێت لە خشتەى کۆبوونەوەکان و ئاماژە بەوە دەکات، رێز لە مادەیەکى پەیڕەوى ناوخۆ نەگیراوە، بۆیە داوا دەکات لە خشتەی کۆبوونەوەکان هەڵبگیرێت تاوەکو بەتەواوى گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـى ئادارى 2025، لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە کە 26ـى ئادار خرابووە خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمان، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران، ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
 
لیژنەکە رایگەیاندووە، بەگوێرەى رێکارە یاساییە کارپێکروەکان، دەبێت ماوەى نێوان خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى هەر پڕۆژەیاسایەک لانیکەم 48 کاژێر بێت بۆ گەرەنتیکردنی گفتوگۆ لەبارەیەوە بە شێوەیەکى تەواو، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا "رێز لەو ماددەیە نەگیراوە".
 
هەروەها لیژنەکە رایگەیاندووە پڕۆژەیاساى حەشدی شەعبی هەندێک بڕگە و خشتەى تێدایە کە پێویستى بە روونکردنەوە و توێژینەوەى قووڵە و بۆ ئەوە پێویست بوو لایەنە پەیوەندارەکانی پەیوەست بەو یاسایە میوانداری بکرێن بەر لە خوێندنەوەى دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە.
 
خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی لە 24ـى ئادار کرا، دوو رۆژ دواتر خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەکە خرایە کارنامەى کۆبوونەوەى پەرلەمان.
 
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراق جەختى کردووەتەوە کە دەبێت کاتى پێویست لەبەردەستبێت بۆ تاوتوێکردن و دەستەبەرکردنى پێویستییەکانى بە میوانداریکردنى لایەنە پەیوەندارەکانیشەوە.
 
لیژنەکەى پەرلەمانى عێراق داوا دەکات پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی لە خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمان هەڵبگیرێت تاوەکو سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکانى دیکە تەواو دەبن بۆ ئەوەى یاساکە بەو شێوەیە پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندیى گشتى بێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو 48 کاژێرەى دانراوە لەنێوان خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانە، ئەگەر ئەو ماوەیە تێپەڕێندرێت کارى ناپەیڕەوییە و مایەى تانە لێدانە لەنێو پەرلەمان و دواتریش لە دادگەى باڵاى فیدراڵى."
 
پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی رێگرى لە چالاکیی سیاسی و ئەندامبوونى چەکدارەکانى لە پارت و رێکخراوەکان دەکات؛ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنیشی گرێداوە بە رەزامەندیی فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە؛ دەستەکە دەبێتە خاوەنى ئەکادیمیای سەربازى.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی پۆلیسەکە کە لەکاتی ئەرکدا خەوتووە.

بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە چەند کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا سزا دەدرێن

لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا، کە لە کاتی ئەرکدا خەوی لێکەوتووە، وەزیری ناوخۆی عێراق، وەک رێکارێکی سەرەتایی بڕیاری دا ئەو کارمەندە و چەند کارمەندێکی دیکە بگوازرێنەوە بۆ فەرماندەیی سنووریی ناوچەی دوو و لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت.