رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، کارکردنى کۆمپانیاى سۆمۆ بەردەوام لە ژێر چاودێرى نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، لە بارەى لێدوانێکى وەزیرى نەوت بۆ بەکارهێنانى بەڵگەنامەى عێراقى لەلایەن کەشتى نەوتى ئێرانەوە، دەڵێت: "ناکرێت لێدوانەکە بەهیچ لایەنێکى فەرمى لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران بەسترێتەوە."
رۆژی 29ـی ئادارى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەى لێدوانێکى حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت، بۆ فرۆشتنى نەوتى ئێرانى لە رێگەى عێراقەوە بڵاوکردەوە.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوەداوە، مەبەست لە لێدوانەکەى وەزیرى نەوت لە پرسیارێک کە ئاراستەى کراوە لە بارەى فرۆشتنى نەوتى ئێران لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، ئەو دەنگۆیانە بووە کە لە هەندێک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە.
وەزارەتى نەوت دەڵێت: "ئەو پرسە نە لە نزیک و نە لە دوور هیچ پەیوەندییەکى بە کارى کۆمپانیاى سۆمۆوە نییە".
رۆژی 23ـی ئادارى 2025 حەیان عەبدولغەنى، وەزيرى نەوتى عێراق لە دیدارێکى تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، هێزەکانى ئەمریکا لە کەنداوى عەرەبی دەستیان گرتووە بەسەر کەشتى نەوتى ئێرانی کە بەڵگەنامەى ساختەى عێراقى بەکارهێناوە.
وەزارەتى نەوتى عێراق لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە، بە گوێرەى پێوەر و رێکارەکانى کارکردن و یاسا کارپێکراوەکان، کۆمپانیاى سۆمۆ، بەردەوام لەژێر چاودێرى نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە و بەشێوەیەکى شەفاف و پیشەگەرانە.
وەزارەتى نەوتی عێراق دەڵێت: "ناکرێت لێدوانەکە بەهیچ لایەنێکى فەرمى لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران بەسترێتەوە".
رۆژێک دواى بڵاوبوونەوەى لێدوانەکەى وەزیرى نەوت، عەلى محەممەد موسەوى، یاریدەدرى وزیرى نەوتى ئێران بۆ کاروبارى بازرگانى و پەیوەندى نێودەوڵەتى بە میدیاکانى وڵاتەکەى راگەیاند، ئەو لێدوانەى وەزیرى نەوتى عێراق بەشێوەیەکى تەواو نەگوێزراوەتەوە و وڵاتەکەى پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە مامەڵە بازرگانییەکانى تایبەت بە نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ