بە ئامادەبوونی سوودانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای BPی بەریتانی گرێبەستێکیان واژۆ کرد

26-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی گرێبەستێکی لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای BPی بەریتانی کرد، ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازەی کەرکووک.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، "نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو چوار کێڵگەیە، یەدەگی سامانی هایدرۆکاربۆنی زیاتر دەکات، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی خاو زیاد دەکات، بەئامانجی گەیشتن بە 420 هەزار بەرمیلی رۆژانە."
 
بەگوێرەی گرێبەستەکە، وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە چوارچێوەی پەرەپێدان و فراوانکردنی سەکۆکانی گازی باکوور دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانە بە بڕی 400 ملیۆن پێ سێجا، لەگەڵ دروستکردنی وێستگەی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "پڕۆژەکە هاوکار دەبێت بۆ راگرتنی سووتانی بەردەوامی گازی هاوەڵ و دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق، واژۆکردنی گرێبەستی گشتگیری پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگەی بای حەسەن، باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبور و خەبازەی کەرکووک لەگەڵ کۆمپانیای BPـی بەریتانی راگەیاند.
 
رۆژی سێشەممە 14-01-2025 سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتە لەندەن و لەلایەن کیەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەی پێشوازیی لێکرا.
 
رۆژی 1ی ئابی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نەوتی گشتگیری لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی BP کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک.
 
یاداشتەکە لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
 
کۆمپانیای BP لە 1920ـەوە لە کەرکووک کاری کردووە و دەڵێت، کەرکووک و دەورووبەری "نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگیان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە