رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەگەڵ یونامى کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنى میکانیزمى رادەستکردنى بارەگاکانیان بە حکومەتى فیدراڵى.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ئەو کۆبوونەوەیە لە بەغدا کراوە، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارەى 2732ـى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى تایبەت بە کۆتاییهێنان بە کارى نێردەى نەتەوە یەکگرتووکان بۆ هاریکاریکردنى عێراق (یونامى).
محەممەد حوسێن بەحلرولعلوم، بریکارى وەزارەتى دەرەوە بۆ کاروبارى پەیوەندى دوو قۆڵى سەرۆکایەتیى شاندى عێراقى کردووە، کلاودیۆ کۆردۆنى، جێگرى نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق بۆ کاروبارى سیاسیى و هاوکارى هەڵبژاردن سەرۆکایەتیى شاندى یونامی کردووە لەو کۆبوونەوەیەدا.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە هەردوولا تاوتوێى شێواز و میکانیزمى رادەستکردنى ئەو بارەگایانەیان بە حکومەتى عێراق کردووە، کە یونامى لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە هەیەتی.
هەروەها نوێنەرانى وەزارەتى دەرەوە و یونامى تاوتوێى خشتەى کار و رێوشوێنەکانى رادەستکردنى ئەو بارەگایانەیان کردووە کە بەشێوەی ریزبەندى و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنى چەند هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە.
لە 31ـى ئایارى 2024، ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بڕیارى ژمارە 2732ـى دەرکرد کە تایبەت بوو بە ئەرکى یونامى لە عێراق.
بە گوێرەى بڕیارەکە بۆ دواجار ئەرکى یونامى لە عێراق تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2025 درێژکرایەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم کارەکانی و ئەو ئەرکانەى لەسەر شانى بوون تەواویان بکات.
یونامى لە ساڵى 2003 و لەسەر داواى حکومەتى فیدڕاڵى و بە گوێرەى بڕیارى ژمارە 1500ـى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێکهێنرا و لە ساڵى 2007 بە بڕیارى ژمارە 1770 سنوورى کارەکانى لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق فراوانتر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ