سوپای پاسداران: فەرماندەیەکمان لە حەلەب لە لایەن کەسێکی سەر بە ئەمریکا کوژراوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی دەنگۆی کوژرانی جەنەرال کیومەرس پورهاشمی، فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسداران لە شاری حەلەب لەلایەن ئەفسەرێکی سوپای سووریا دەداتەوە و دەڵێت: "ئەو فەرماندەیە لەلایەن کەسێکی سەر بە ئەمریکاوە کوژرا."
 
جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی چۆنیەتی کوژرانی یەکێک لە فەرماندە پلە باڵاکانی سوپای پاسداران لە شاری حەلەبی سووریا لە سەرووبەندی هێرشی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ سەر سوپاکەی حکومەتی بەشار ئەسەد دەکات.
 
محەممەد جەعفەر ئەسەدی رایگەیاند، کیومەرس پورهاشمی، راوێژکاری ئێران لە سووریا و فەرماندەی پلەبەرزی سوپای پاسداران، شەوی چوارشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری حەلەب لە لایەن کەسێکی سەر بە ئەمریکاوە کوژراوە.
 
ئەسەدی سەبارەت بە دەنگۆی کوژرانی فەرماندەکەی سوپای پاسداران لەلایەن ئەفسەرێکی سوپای سووریاش دەڵێت، "ئەم قسانە بانگەشەی ئیسرائیلە و دەیانەوێت کێشە لە نێوان ئێران و سوپای سوریا و بەشار ئەسەد دروست بکەن. هەموو ئەم قسانە بانگەشەی رۆژئاوان. ئیدی لە سووریا لێپرسینەوە نەماوە، ئێستا دەتوانن هەر کەسێک بکوژن و دەکرێت هەر کەسێک تاوانبار بکرێت. ئەو کەسەی کە فەرماندە ئێرانییەکەی شەهید کرد، کەسێکی سەر بە ئەمریکییەکان بوو و لەگەڵ کوشتنی فەرماندە ئێرانییەکە، ئەفسەرەکانی سوپای سووریاشی کوشت."
 
رۆژی هەینی، 29ی تشرینی دووەمی 2024، سوپای پاسداران رایگەیاند، کیومەرس پورهاشمی، راوێژکاری باڵای سەربازیی ئێران لە سووریا و فەرماندەی سوپای پاسداران لە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان لە دەوروبەری شاری حەلەبی سووریا کوژراوە.
 
چەند رۆژێکە لە میدیای تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکرێت، ئەو فەرماندە پلەبەرزەی سوپای پاسداران دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران و سوپای سووریا و تووندبوونی مشتومڕی نێوانیان، لە لایەن ئەفسەرێکی سوپاکەی بەشار ئەسەدە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنی حکومەتی ئەسەدیش دەڵێت: "کۆکردنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگای ئیدلب لەسەر سنووری تورکیا و پرچەککردنیان لەلایەن تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا، لاوازکردنی میلیشیای سوپای بەرگریی نیشتمانی (دیفاع وەتەنی) لە لایەن حکومەتی ئەسەد خۆیەوە، گوشاری زۆری نێودەوڵەتی بۆ سەر سوپا و حکومەتی سووریا و سنوورداربوونی توانای رووسیا بۆ یارمەتیدانی دیمەشق بەهۆی گیرخواردنی لە شەڕی ئۆکراینا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد بوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە