وەزیری دەرەوەی ئێران: نامەی ترەمپ بەزوویی دەگاتە دەستمان

12-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەزوویی نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگاتە تاران.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، نێردەیەکی تایبەتی یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی نامەکە دەگەیێنێتە تاران.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەینی رابردوو رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن. دەڵێت، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران رێککەوتن یان بژاردەی سەربازی لەئارادان."
 
دوای قسەکانی ترەمپ، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە گوتی، بەو مەرجانەی دانراون کەس ئامادە نابێت دانوستاندن بکات. خامنەیی دەڵێت، جگە لە پرسی ئەتۆمی، لەبارەی توانای سەربازی، مووشەکی، سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی ئێرانیش مەرجیان بۆ دانراوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینی 14-03-2025ـیش کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە