رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەژێر گوشاردا دانوستاندن ناکەن و "چیت لەدەست دێت بیکە."
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاداری 2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێستا کە هەڕەشە دەکەیت، من هەرگیز نایەم لەگەڵ تۆ دانوستاندن بکەم، چیت لەدەست دێت بیکە."
پزیشکیان گوتیشی، "ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ زیلینسکی کردی، بەڕاستی شەرمە بۆ مرۆڤ، کەسێک ئاوا قسە بکات، ئەوە قبووڵکراو نییە."
سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لەژێر گوشاردا دانوستاندن ناکەین."
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
رۆژی هەینیی رابردوو ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ناردووە و داوای لێکردووە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا بۆ ئەوان خراپ دەبێت، دوای ئەوەش وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێمە گوێمان لە بابەتی نامەکە بووە، بەڵام هیچ شتێکمان پێنەگەیشتووە."
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ