رووداو دیجیتاڵ
نامەکەی ترەمپ گەیشتە دەستی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران کۆدەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە و نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیێنێتە تاران.
بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، دوێنێ سێشەممە نامەی ترەمپ گەیشتووەتە دەست بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو بیگەیێننە ئێران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و رۆژی هەینیش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئێران، رووسیا و چین لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی لەسەر دۆسیەی ئێران کۆدەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەینی رابردوو رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن.
بەڵام رۆژی شەممە، خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە."
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی، "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ