خامنەیی: بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندن، فریودانی رای گشتیی جیهانە

12-03-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند،"بانگهێشتی ترەمپ سەبارەت بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ فریودانی رای گشتیی جیهانە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند،"بۆچی ئێران ئامادە نییە دانوستاندن بکات؟ بگەڕێنەوە بۆ بیر کردنەوەی خۆتان، چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستاندنمان کرد، هەر ئەم کەسە دانوستاندنە تەواو و واژۆکراوەکەی لەسەر مێزەکە فڕێدا و دڕاند. چۆن دەتوانین دانوستاندن بکەین لە کاتێکدا دەزانین کاری پێ ناکرێت؟".
 
خامنەیی پێیوایە دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سزاکان هەڵناگرێت، بەڵکو سزاکان قورستر دەکات.
 
خامنەیی گوتی: ''ئەمریکا بە نیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن، مەبەستی ئەوەیە ئەو تێڕوانینە دروست بکات کە لەگەڵ دانوستاندن و ئاشتییە، بەڵام تاران ئامادە نییە دانوستاندن بکات".
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و گوتی: "ئەگەر هەنگاوێکی هەڵە لەلایەن ئەمریکا و بریکارەکانیەوە هەبێت، ئەوا ئەوان زۆرترین زیانیان پێدەگات. ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین؛ بەڵام بە دڵنایییەوە کاردانەوەی یەکلاکەرەوەمان دەبێت".
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
 
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
رۆژی هەینیی رابردوو ترەمپ رایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ناردووە و داوای لێکردووە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بکەن، ئەگەرنا بۆ ئەوان خراپ دەبێت.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەپێی بڕیارەکە، کەمترین مووچەی کرێکار 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت.

مووچەی کرێکاران لە ئێران 45% زیاد دەکرێت

ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران، ئەمڕۆ بڕیاری زیادکردنی مووچەی کرێکارانی پەسند کرد و لە ساڵی داهاتووەوە مووچەی کرێکاران 45 لە سەت زیاد دەکرێت و کەمترین مووچەی کرێکار 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت. نوێنەری کرێکاران داوایان کردبوو مووچە 70 لەسەت زیاد بکرێت.