وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سزا نوێیەکانی ئەمریکا یاساشکێنی و ساختەکارین

14-03-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژمارەیەک بەرپرس و کۆمپانیای ئێرانی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: ''ئەو سزایانە دژی سەرجەم پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانن.''
 
ئەمڕۆ هەینی، 14-03-2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا کە بەسەر موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیداردا سەپێندراون، رایگەیاند: ''سزا نوێیەکان دەرخەری یاساشکێنی و ساختەکاریی ئەمریکان.'' 
 
ئیسماعیل بەقایی وێڕای سەرکۆنەی سەپاندنی سزاکان گوتی: ''ئەوە دژی سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتەوایی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.''
 
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر سێ دامەزراوەدا سەپاندووە و سێ کەشتییان وەکو "موڵکی بلۆککراو" ناساندووە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ "راگرتنی ئێران لە بەکارهێنانی قازانجی نەوت بۆ چالاکیی ناسەقامگیرکەر."
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "بە نایاسایی" نەوت بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگوازێتەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و چەند دامەزراوەیەکی خستووەتە لیستی سزاکانەوە "کە نەوتی ئێرانیان هەناردەی چین کردووە." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەو هەوڵە خراپەکارانەیەی ئەمریکا بۆ تێکدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا بنەڕەتییەکانی بازرگانیی ئازادە و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەتی ئەمریکا بە بەرپرسی لێکەوتەکانی دەزانێت.''
 
سزا نوێیەکانی ئەمریکا بەشێکن لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئەمەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، راگرتنی پرۆگرامی مووشەکی و بڕینی پاڵپشتی بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە. 
 
ئیسماعیل بەقایی گوتی: ''ئەو هەوڵە نەشیاوانە بچووکترین کاریگەرییان لەسەر ئیرادەی نیشتمانیی ئێرانییەکان بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی و کەرامەتی وڵاتەکەیان نییە''.
 
سزا نوێیەکان لەکاتێکدان دۆناڵد ترەمپ هەینی رابردوو رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن؛ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا، دوایین سزاکان، دەرخەری ناڕاستیی داواکارییەکەی ئەمریکان بۆ دانوستاندن. 
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رۆژی چوارشەممە 12ـی ئادار دووبارە دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و لەبارەی نامەکەی ترەمپ گوتی، دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سزاکان هەڵناگرێت، بەڵکو قورستریان دەکات.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی، "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو. 
 
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو. 
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە