نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 115 هەزار کەس لە باکووری سووریا ئاوارە بوون

05-12-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی رۆژانی رابردووی گرووپە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی، زیاتر لە 115 هەزار کەس ئاوارە بوون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 04ی کانوونی یەکەمی 2024، دەیڤد کاردن، جێگری هاوئاهەنگیکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و کوشتارەکانی هەفتەی رابردووی باکوور و رۆژئاوای سووریا، زیاتر لە 115 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ئاوارەکان لە باکووری حەلەب بەرەو ناوچەکانی دیکەی هەڵاتوون.
 
رۆژی دووشەممە، 02ی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، نزیکەی 200 هەزار کورد لە ناوچەکانی باکووری حەلەب مەترسی کۆمەڵکوژیان لەسەرە، لەدوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باکووری حەلەبیش لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا و کشانەوەی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە، نزیکەی 100 کورد لەو ناوچانە ئاوارەی پارێزگەی رەققە و بەتایبەت شاری تەبقە بوون.
 
زۆربەی ئەو کوردانە بۆ جاری دووەمە ئاوارە دەبنەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە ئایاری 2018 کاتێک چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا کۆنترۆڵی هەرێمی عەفرینیان کرد، ئەو کوردانە روویان لە ناوچەکانی باکووری حەلەب و بەتایبەت شارۆچکەکانی تەلڕەفعەت و شەهبا کرد و لەوێ لە کامپەکان دەمانەوە. 
 
جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس، بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەی باکوور و رۆژئاوای سووریا، 704 کەس کوژراون کە 361یان چەکداری تەحریر شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بوون، 233یان سەربازی سوپای سووریا بوون، هەروەها 110 سیڤیل کوژراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە