محەممەد بن سەلمان: ئاواتەخوازی پەیوەندییەکی باشین لەگەڵ ئێران

20-04-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند کێشەی ئەوان لەگەڵ ئێران، لەسەر "کردەوە نەرێنییەکانی تارانە"، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکەی و "پشتیوانی لە میلیشیا یاخیبووەکان".
 
رۆژی شەممە 19ـی نیسانی 2025، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە پۆستێکدا بە زمانی فارسی رایگەیاند،"ئێران دراوسێمانە و ئاواتەخوازین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دروست بکەین".
 
ئەو قسەیەی محەممەد بن سەلمان دوای کۆبوونەوەەکی رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025ـی نێوان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە بوو، وەزیری بەرگریی سعودیە پەیامێکی شای وڵاتەکەی بۆ خامنەیی پێبوو.
 
لە دیدارەکەدا خامنەیی رایگەیاند: "باوەڕمان وایە پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی و سعودیە بۆ هەردوو وڵات سوودی دەبێت و ئەو دوو وڵاتە دەتوانن تەواوکەری یەکدی بن".
 
ساڵی 2016 دوای لە سێدارەدانی نەمر نەمری کەسایەتیی دیاری شیعەکانی سعودیە، خۆپیشاندان لە ئێران دەستیپێکرد. خۆپێشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و دوای ئەو رووداوەش پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی سعودیە و ئێران تێکچوون.
 
دوای ئەو ناکۆکییانە رۆژی پێنجی ئەیلوولی 2023، عەلی رەزا عینایەتی، وەکو باڵیۆزی نوێی ئێران لە ریازی پایتەختی سعودیە و عەبدوڵڵا بن سعود عنزی، وەک باڵیۆزی سعودیە لە تارانی پایتەختی ئێران دەستیان بە کارەکانیان کرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە