کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران دوادەخرێت

22-04-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لەسەر پێشنیازی عومان کۆبوونەوەی تەکنیکیی ئێران و ئەمریکا سبەی ناکرێت و خراوەتە رۆژی شەممەی داهاتوو".
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بە پێشنیازی عومان و رەزامەندیی شاندی ئێرانی و ئەمریکی ئەو کۆبوونەوە کە بڕیار بوو سبەی لە عومان بکرێت، خرایە رۆژی شەممەی داهاتوو".
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە، 19-4-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، "رۆژی چوارشەممە گفتوگۆی تەکنیکی لە نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە عومان بەڕێوەدەچێت و شەممەی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات لە عومان کۆدەبنەوە بۆ چاوخشاندنەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و کاری لیژنە تەکنیکییەکان".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بۆیان روون دەبێتەوە کە تاوەکو چەندە لە رێککەوتن نزیکن. 
 
دانوستاندنەکان لە کاتێکدان، هێشتا لەنێو ئیدارەی ترەمپ هەروەها لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلیش، مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت بە دیپلۆماسی یان هێرشی سەربازی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە بکرێت. 
 
تاوەکو ئێستا ترەمپ دژی بۆچوونی ئەوانە وەستاوەتەوە کە داوای جەنگ دەکەن، لە نێویاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵکو پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێککەوتن بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتوبەند بکات. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە