رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، لە چەند بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا لانیکەم 25 کەس کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، 20-04-2025، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە بەیانیی ئەمڕۆوە هێرشە ئاسمانییەکانی داگیرکەر بوونەتە هۆی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن."
دوای ئاگربەستێکی دوو مانگی کە زیاتر لە 15 مانگ شەڕی لەو کەرتەی فەلەستین وەستاندبوو، ئیسرائیل لە 18ـی ئاداری ئەم ساڵ هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە.
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، ئاژانسەکە دەڵێت، پێنج کەس لە هێرشێکی درۆنیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵێک خەڵکی سڤیل لە رۆژهەڵاتی رەفەح کوژراون.
دوێنێ شەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا بەردەوام دەبێت لە جەنگ. نەتەنیاهوو رەتیکردەوە داواکارییەکانی چەکدارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی لە غەززە جێبەجێبکات و گوتی: "ئێمە لە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوەی شەڕەکەداین، لەم خاڵەدا پێویستمان بە ئارامی و پێداگری هەیە بۆ سەرکەوتن."
بەپێی ئاماری تەندروستیی غەززە، لەوکاتەوەی ئیسرائیل مانگی رابردوو هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە، لانیکەم 1827 کەس لەو کەرتە کوژراون؛ هەروەها، ژمارەی کوژراوانی جەنگی غەززە گەیشتووەتە 51 هەزار و 201 کەس.
شەڕەکە دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد کە تێیدا 1218 کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژران.
لەو هێرشەدا، چەکدارانی فەلەستینی 251 کەسیان رفاند، کە 58 کەسیان هێشتا لە غەززە بارمتەن، لەنێویاندا 34 کەس هەن کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ