رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەران لە کەرتی غەززە لە لێکەوتەکانی جەنگ بێبەش نین، بەهۆی کەمی پارەی کاشەوە، بانکەکان بە ڕوویان داخراون. ناچارن مامەڵە لەگەڵ نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانانی پارە بکەن، ئەوانیش ناچاریان دەکەن وەک کرێ بڕە پارەیەک بدەن، کە زیاتر لە 20٪ـی مووچەکانیانە.
محەممەد عەرماوی، فەرمانبەرە و مووچەکەی لە دەسەڵاتی فەڵەستینی وەردەگرێت و دەڵێت: "مووچەکانمان لە سەرەتای جەنگەوە کەم بووەتەوە، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی دەسەڵاتی فەڵەستینی بووەتەوە، تەنیا 70٪ـی مووچەکانمان وەردەگرین. کاتێک مووچەکان دەچنە سەر هەژماری بانکەکان، ناتوانین وەریانبگرین، چونکە داخراون، بۆیە پەنا دەبەینە بەر مامەڵەکردن لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئەوانیش کرێیەکی زۆرمان لێوەردەگرن، کە 25% تاوەکو 30% دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرانییەی تێیدا دەژین، مووچە تەنیا بەشی چەند رۆژێکی کەمی فەرمانبەران دەکات."
بارودۆخی فەرمانبەرانی حکومەتی غەززە، کە حەماس بەڕێوەی دەبات، سەختترە. لە سەرەتای جەنگی غەززەوە کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە، بڕە پارەیەکیان بە ناڕێکی پێدەدرێت، کە لە نێوان 200 بۆ 300 دۆلارە.
ئەحمەد، فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافە لە کەرتی غەززە کار دەکات، دەڵێت فەرمانبەران رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر بوونەتەوە.
ئەحمەد ئەسەتەل باس لەوەش دەکات: "هەموو فەرمانبەرانی غەززە، بەتایبەتی فەرمانبەرانی حکومەتی غەززە، ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن، چونکە دوو مانگ جارێک مووچە وەردەگرین. بەهۆی گرانییەوە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانمان دابین بکەین، وەک خۆراک، سەوزە و میوە کە لە بنەڕەتدا ئەمانە لە کەرتی غەززە بەردەست نین، ئیسرائیل-یش، کەرتی غەززەی بە تەواوی داخستووە."
لە پاڵ ئەو پارە زۆرەی لە فەرمانبەران وەردەگیرێت، کێشەی پارەی کۆن و دڕاو سەریهەڵداوە، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. چونکە ئیسرائیل رێگە نادات پارەی نەختینەی نوێ بچێتە غەززە و تەنانەت رێگە بە گۆڕینەوەشی نادات.
حاتم زوعروب، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە، گوتی: "ئەو پارانەی ئێستا لە کەرتی غەززە هەن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای جەنگ، کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە و خەڵک لەنێو خۆیاندا مامەڵەی پێوە دەکەن. تەنانەت زۆربەی خەڵک پارەی جۆری 20 شیکلی ئیسرائیلی وەرناگرن، چونکە شڕ بووە. مامەڵەکردنیش بە جۆری 10 شیکلیش بە تەواوی راگیراوە."
بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە بەرزیی پارەی کرێی مووچەی فەرمانبەران، بەڵکو ئەو حەواڵە داراییانەش دەگرێتەوە، کە لە دەرەوەی کەرتی غەززەوە بۆ فەڵەستینییەکان دەنێردرێن.
بەردەوامیی جەنگ لە غەززە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەبووە، بە فەرمانبەرانیشەوە، کە لە سایەی ئەم گرانییە "بێوێنەیەدا" بە زەحمەت دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ