سوپای لوبنان: ژمارەیەک هاووڵاتییمان بەتۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەستگیرکرد

20-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای لوبنان دەڵێت، ژمارەیەک هاووڵاتیی دەستگیرکردووە کە پلانیان هەبوو هێرشێکی مووشەکی بکەنە سەر ئیسرائیل.

رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، لە شاری سەیدای وڵاتەکە ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیرکردووە کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دانابوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەسانە پەیوەندییان بە هەمان ئەو گرووپەوە هەبوو کە هەفتەی رابردوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیرکران. 
 
چوارشەممەی رابردوو، سوپای لوبنان ژمارەیەک هاووڵاتی کە بەشێکیان فەلەستینی بوون بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیرکرد.
 
تۆمەتبارەکان هێرشەکانیان لە مانگی ئادار لە چەند ناوچەیەکی لوبنانەوە کردبوو. ئیسرائیل حیزبوڵـڵای بەو هێرشانە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە. 
 
راگەیاندنی دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد.
 
بە گوێرەی بەرگریی شارستانی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە دوو هاووڵاتی کوژراون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حوسێن عەلی ناسر، فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵـڵای بەئامانج گرتووە. 
 
تشرینی یەکەمی 2024، جەنگی حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی گرووپەکە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
حیزبوڵـڵا ئەو کات گوتی، هێرشەکەی بۆ پاڵپشتی بوو لە حەماس لە جەنگەکەی دژی ئیسرائیل. 
 
تشرینی دووەمی رابردوو، حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام چەندین هەفتەیە ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر لوبنان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە