رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی نوێی سووریا رایدەگەیێنن، بەرپرسێکی ئەمنیی سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایان دەستگیر کردووە کە لە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تێوەگلاوە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزە ئەمنییەکان لە کەناراوەکانی پارێزگای لازقییە جەنەڕاڵ سوڵتان تیناوییان دەستگیر کردووە.
بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەو ئەفسەرەی پێشووی سووریا لە هەواڵگریی هێزی ئاسمانی کاری کردووە و یەکێک لە متمانەپێکراوترین کەسەکانی نزیکی ئەسەد بووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا هاتووە، سوڵتان تیناوی "لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژی خەڵکی سیڤیل، لەنێویاندا کۆمەڵکوژییەک" تێوەگلاوە کە ساڵی 2016 لە گوندەکانی دەوروبەری دیمەشق ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو بەرپرسە "لە دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان میلیشیای حیزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەک گرووپی تائیفی لە سووریا" تێوەگلاوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووریا کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاندووە، تیناوی لە نێو دەزگای هەواڵگریی ئاسمانی سووریا پۆستی کارگێڕی هەبووە و لە دواین ساڵی دەسەڵاتی ئەسەدیش کراوەتە سەرۆکی بەشی زانیاری لە دەزگاکە.
پێشتر بەبێ ئامادەبوونی تیناوی، دادگەیەکی فەرەنسا تۆمەتی بەشداربوونی لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی بەسەردا ساخکردووەتەوە و بە تاوانبار ناساندوویەتی. هەروەها ئەمریکاش بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تۆمەتباری کردبوو.
دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو رووخا و لەوکاتەشەوە بەرپرسانی نوێی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی لانیکەم 300 بەرپرسی ئەمنیی سەردەمی ئەسەدیان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ